دوای تۆمارکردنی حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە هەولێر... حکوومەت شەش ڕێنوێنیی گرنگی بۆ خۆپاراستن بڵاو کردەوە

:: PM:08:08:29/06/2025 ‌
دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر پشتڕاستی کردەوە، کە ئەمڕۆ یەكشەم، 29ی حوزەیرانی 2025، حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون دەستنیشان کراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشداریی تووندی دا و چەند ڕێنوێنییەکی گرنگی بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتییان بڵاو کردەوە.

لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم حاڵەتە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان کرد، پابەندی ئەم شەش خاڵەی خۆپارێزی بن:

1. سەربڕینی ئاژەڵ تەنیا لە سەربڕخانەکان: پێویستە ئاژەڵ بە شێوەی فەرمی و بە مۆری پشکنینەوە لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێت، بە هیچ شێوەیەک لە ماڵ و کۆڵان و سەر شەقامەکان ئەو کارە نەکرێت.

2. پشکنینی پێشوەختە و دوای سەربڕین: دڵنیابوون لە تەندروستیی گۆشتەکە پێش و پاش سەربڕین، کارێکی بنەڕەتییە.

3. بەکارهێنانی کەرستەی پاکژ: گۆشتفرۆشان و قەسابەکان، دەبێت جلوبەرگی تایبەت و کەرەستەی پاکژکراو بەکاربهێنن.

4. پشکنینی ئاژەڵی هاوردەکراو: پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکرێت کە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستان.

5. دوورکەوتنەوە لە شوێنی مێروو: نەچوون بۆ ئەو شوێنانەی کە گەنە و مێرووی مەترسیداری تێدا کۆ دەبێتەوە.

6. فڕێنەدانی پاشماوەی ئاژەڵ: پاشماوەی سەربڕین نابێت بە شێوەی هەڕەمەکی فڕێ بدرێت، چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

تەندروستیی هەولێر دووپات دەکاتەوە، پابەندبوون بەم ڕێنوێنییانە تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی تەندروستی.


وشە - پۆڵا مەحموود