كاتی پێگەیشتنی هەنجیرە و سوودە تەندروستییەكانی بزانن

:: PM:01:35:30/06/2025 ‌
وەرزی هاوین و شەپۆلەكانی گەرما دەست پێ كردووە و كاتەكەی دروست پێگەیشتنی میوەی هەنجیرە، ئەو میوەیەی بۆ تەندروستیی مرۆڤ سوودی زۆرە، بۆیە گرنگ و پێویستە سوودەكانی بزانن كە لە چەندان نەخۆشی دوورتان دەخاتەوە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت" رۆشنایی خستووەتە سەر سوودەكانی هەنجیر كە پسپۆرانی بواری خۆراك، قسەیان بۆ بەشی تەندروستیی پێگەی "ڤێری وێڵ هێڵس" كردووە و زانیارییەكانی لەو پێگەیە وەرگرتووە، ئاماژەی داوە كە هەنجیر دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكان و ریشاڵ كە سوودی بۆ هەرس هەیە، هەروەها دژە هەوكردنە و هاوسەنگی شەكرەیش لە خوێن رادەگرێت، جیا لە بەهێزكردنی ئێسك و چەندان سوودی تر، یەك لەوانەیش بەهێزكردنی توانی سێكسە.

پسپۆران روونی دەكەنەوە، چونكە هەنجیر بە ریشاڵ دەوڵەمەندە، پارێزگاری لە ریخۆڵە دەكات و دواتریش پارێزگاری لە ئەركی هەرس دەكات، هەروەها سوودی بۆ نەخۆشانی قۆڵۆن هەیە و لە قەبزی و ئازاری سك دوورتان دەخاتەوە. كارێكی باشە ئەگەر بتوانرێ رۆژانە دووجار هەنگیری وشك بخورێت كە زیاتر سوودەكانی بۆ قۆڵۆن دەبێت.

چونكە هەنجیر پارێزگاری لە ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن دەكات و لەگەڵیدا ئاستی كۆلیسترۆڵ رادەگرێت، بۆیە بۆ نەخۆشییەكانی دڵ زۆر بە سوودە. هەروەها چونكە شیرینیی هەنجیر سروشتییە، بەتایبەتی كاتێك وشك دەكرێتەوە، خواردنی بۆ راگرتنی ئاستی شەكر لە خوێندا زۆر بەسوودە، بەتایبەتی سوودەكانی بۆ نەخۆشیی شەكرەی دووەم زۆرە.

هاوكات لە توێژینەوەیەكدا ئەوە ئاشكرا كراوە كە گەڵای داری هەنجیر، ئەگەر وشك بكرێتەوە و وەك چای بخورێتەوە، سوودی زۆری بۆ ئەوانە هەیە كە تووشی نەخۆشیی شەكرەی جۆری یەكەم بوون.

هەنجیر چونكە بە ئاسن دەوڵەمەندە، پارێزگاری لە تەندروستیی پرچ دەكات، لەبەرئەوەی ئەوانەی تووشی وەرینی پرچ دەبن، زۆربەیان كەمیی ئاسنیان لە جەستەدا كەمە. بەشێوەیەكی گشتیش هەنجیر بۆ پێست بە سوودە و لە چرچولۆچی دووری دەخاتەوە. هەروەها هەنجیر سەرچاوەیە بۆ كالسیۆم و پۆتاسیۆم، بۆیە بۆ بەهێزكردنی ئێسك و ماسولكە زۆر بەسوودە.

لەگەڵ ئەوانەیشدا هەنجیر دژە هەوكردنە و دژە ئۆكسیدە. جیالەوەی سوودی زۆری بۆ توانای سێكس هەیە، بۆیە زۆر خواردنی هەنجیر، چالاكیی سێكس زیاتر و باشتر دەكات.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د