رەنگە لای زۆرێك لە ئێمە كاتی ژەمەكان دیار نەبێت، بەیانیان زوو یان درەنگتر لەكاتی ئاسایی دەخورێت، ئەوەش كار لە ژەمەكانی تر دەكات، بۆ نموونە دەبێتە هۆی دواخستنی ژەمەكانی نیوەڕۆ و ئێوارەش، وا دەكات ژەمی ئێوارە درەنگ بخورێت و هەندێك راستەوخۆ دوای ئەوە دەخەون.
د. ئالوك چۆبرا پزیشكی پسپۆڕی دڵ و شارەزا لە پزیشكیی فسیۆلۆجی دەڵێت، پێویستە ژەمی ئێوارە بە لایەنی كەم بەر لە سێ سەعات لە خەوتن بخورێت، هۆكارێكی زانستی بۆ ئەوە هەیە، چونكە لەكاتی نوستن لەش دەست بە چاككردنەوە و نۆژەنكردن و نوێبوونەوە دەكات، نەك بۆ ئەوەی كۆئەندامی هەرسی مرۆڤ چەند سەعاتێكی زیاتر كار بكات.
روونی كردەوە، بۆیە دەبێت ئەو كارەی كۆئەندامی هەرس بكەوێتە پێش كاتی خەوتن بە سێ سەعات بە لایەنی كەم و نوستن پێویستیی بە كەمترین وزە و سووتەمەنی هەیە، ئێمە لەكاتی نوستن بە پرۆسەی رزگاربوون لە ژەهر و چاكبوونەوە و حەسانەوە و نوێبوونەوە تێپەڕ دەبین، خواردنی راستەوخۆی ژەمی ئێوارەش بەر لە نوستن ئەو پرۆسانە پەك دخات، چونكە لەش بەشداری لە پرۆسەی هەرسكردنەكە دەكات لە بری سەرقاڵبوون بە كاری تری سوودبەخش، دووپاتی كردەوە، سێ سەعات بەسە پێش خەوتن ژەمی ئێوارەی تیادا بخورێت، بەڵام باشترە ئەگەر بكرێتە چوار و پێنج و شەش سەعات.