كۆمپانیایەكی تایبەت بە توێژینەوەی خەو ئاشكرای كردووە، بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ كە لەبارەی خواردنی پەنیر لە شەو و بەرلە خەوتن ئەنجام دراوە، دەركەوتووە مرۆڤ لە خەودا تووشی خەوبینینی ناخۆش دەبێت، بۆیە توێژەران ئامۆژگاری دەكەن لە درەنگانی شەودا پەنیر نەخۆن.
پێگەی "شەفەق نیوز" رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو توێژینەوە نوێیەی كۆمپانیاكە ئەنجامی داوە، بۆ ماوەی چوار شەو 30 كەس بەشدارییان لە توێژینەوەكە كردووە، ئەویش چوار جۆری بەناوبانگی پەنیری بەریتانی لە توێژینەوەكە بەكار هاتوون كە بریتین لە بەری، شیدەر، ستیلتۆن و مۆزاریلا، لە ئەنجامدا دەركەوتووە خواردنی پەنیرەكان لە درەنگانی شەو و بەرلە خەوتن، مرۆڤ تووشی خەوبینینی ناخۆش دەكات، بۆیە نابێ لەوكاتەدا پەنیر بخورێت.
لە ئەنجامی توێژینەوەكە ئاشكرا كراوە كە خواردنی 30 گرام لە پەنیر لە درەنگانی شەودا، مرۆڤ بە رێژەی 93% تووشی خەوبینینی ناخۆش دەكات. بەشداران باسیان لەوە كردووە كە لە خەوبینینەكەیان كارەسات و مردن و لە بیرچوونی جەژنی لەدایكبوون و بۆردمانی فڕۆكە دەبینن.
لەبارەی جۆری پەنیرەكانیش كە بەشداران تاقییان كردووەتەوە و خەوی ناخۆشیان بینیوە، هەر جۆرێك لە پەنیرەكان بە رێژە دیاری كراوە كە تا چەند خەوی ناخۆشیان بینیوە، بۆ نموونە باس لەوە دەكرێ كە جۆری بەری بە رێژەی 68% خەوی ناخۆشیان بینیوە. جۆری ستیلتۆن 63%. شیدەر 56% و موزاریلایش 40% خەوی ناخۆشیان بینیوە كە تەواوی خەوبینینەكەیان دڵەڕاوكێیان بۆ دروست كردوون.
هاوكات لە توێژینەوەكەدا بەوەیش گەیشتوون كە ئەوانەی لە درەنگانی شەودا پەنیر دەخۆن و دواتر دەستبەجێ دەكەون، خەوەكەیان ئاسوودە نابێت، بە جۆرێك كاتی خەویان تێكدەچێت و پیاوان لە تەواوی شەوەكە زیاتر لە یەك سەعات خەویان لە دەست دەچێت، بۆ ئافرەتانیش پێنج خولەك كەمتر لە پیاوان، خەویان لە دەست دەچێت.
ئامی ئەلكسەندەر كە پسپۆری بواری خۆراكە، لەبارەی خواردنی پەنیر بەرلە خەوتن و كاریگەریی لە خەوبینیندا، ئاماژەی دا كە پەنیر خۆی خۆراكێكی چەورە، هاوكات پرۆتینی زۆری تێدایە و بە خواردنی، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەركی هەرس دەبێت، هاوكات پلەی گەرمیی جەستە بەرزتر دەكاتەوە، بۆیە ئاستەنگ بۆ خەوتن دروست دەكات.
دواتریش ئەو پسپۆرە باسی لەوەش كرد كە پەنیر مادەی تیرامینی تێدایە كە مادەی نورئادرینالین لە جەستە دەردەكات، ئەوەیش وا دەكات چالاكیی مێشك و دڵ زیاتر بێت و دواتریش كاریگەریی لەسەر خەوتن و هەستانەوە لە خەو، هەروەها لە كاتی خەودا چاوەكان بە خێ رایی زیاتر دەجووڵێنەوە، هەموو ئەوانەیش كاریگەرییان لە سەر خەوبینینی ناخۆش دەبێت.