لە توێژینەوەیەكی زانستیدا، تیمێك لە زانایان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی پێوەندییەك لە نێوان خواردنەوەی قاوە و پاراستن لە تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە هەیە، دەركەوت ئەوانەی قاوە دەخۆنەوە ئاستی گلوكۆزی خوێنیان دابەزیوە و وەڵامدانەوەی خانەكانیشیان بۆ ئەنسۆلین باشترە.
توێژینەوەكە پشتی بە شیكردنەوەی ئەنجامی 150 توێژینەوەی تر بەست، دەركەوت پێكهاتەی فینۆلی كە لە قاوەدا هەیە، لەوانە ترشی كلۆرۆجینیك، توانای رێكخستنی ئاستی شەكری لە خوێن هەیە، سوودەكەی تەنیا باشكردنی وەڵامدانەوە خانەكان بۆ ئەنسۆلین نییە، بەڵكو كاریگەرییەكەی بەرەو كەمكردنەوەی هەوكردن دەچێت، كە رۆڵی سەرەكی لە پەرەسەندنی بەرگریی خانەكان بۆ كاری ئەنسۆلین هەیە.
جیا لەوە تایبەتمەندیی دژەئۆكسێنەری هەیە و خانەكانی پەنكریاس لە تێكچوونی بەئۆكسیدبوون دەپارێزێت، تێبینییی ئەوەش كرا كە ئەو سوودانەی قاوە بێ رەچاوكردنی هەبوون یان نەبوونی كافایینە، واتە قاوەی بێ كافایینیش هەمان سوودی هەیە، دەركەوت قاوە سەتان گیراوەی چالاكی تری بایۆلۆجی تیادایە و سوودی گەورەیان بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە.
لەگەڵ ئەو سوودانەی قاوە، شارەزایانی خۆراك و تەندروستی رێنوێنی دەدەن بەوەی نابێت رۆژانە زیاتر لە سێ كووپ قاوە بخورێتەوە، چونكە جیا لە سوودەكان، زیانی بەدیار دەكەوێت و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر مرۆڤ دەردەكەوێت.