تای خوێنبەربوون دەبێتە هەڕەشەیەكی تر لەسەر شارەكانی خوارووی عێراق، ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە زۆرینەی شارەكانی عێراق جیا لە هەرێمی كوردستان، بە دەست تای خوێنبەربوونەوە دەناڵێنن.
جیا لەوەی تووشبوو لە شارەكانی خوارووی عێراق زۆرە، مردن بووەتە مۆتەكەی ئەو نەخۆشییە و واز لە هاووڵاتییانی شارەكانی خوارووی عێراق ناهێنێ.
ئەگەر ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی لە عێراق لە ماوەی هەفتەیەكدا وەك بەڵگە وەربگیرێ، بە تەواوی ئەو روون دەبێتەوە بە جۆرێك تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، 17 حاڵەتی ئەو نەخۆشییە تۆمار كراون و مردنیشی تێدا بووە.
عێراق وەك هەموو سێكتەرەكانی تر، لە سێكتەری تەندروستیش رووبەڕووی شكستی گەورە بووەتەوە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بۆ چارەسەری تەندروستی روو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.
تەنیا لە زیقار 60 تووشبووی تای خوێنبەربوون و یەك مردن هەیە، لە بەغدا 34 حاڵەت و لە واست 17 تووشبوو، لە بەسرەیش 13 تووشبوو هەیە. ئەوە لە كاتێكدا لە هەموو هەرێمی كوردستان حەوت حاڵەتی تای خوێنبەربوون هەیە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان هەرزوو خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون ئامادە كرد، ئەوەیش هۆكارێكی تر بوو كە نەخۆشییەكە بڵاو نەبێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئێستەیش جیا لە بڵاوكردنەوەی رێنوێنیی پێویست، بەردەوام چاودێریی ئەوانە دەكرێت كە تووشی تای خوێنبەربوون بوون.
لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، سێكتەری تەندروستی یەكێك لەو سێكتەرانە بووە كە گرنگی زۆری پێ دراوە، سەتان خزمەتگوزاری لەو بوارەیش پێشكەش بە هاووڵاتییانی كوردستان و عێراق كراوە.