توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتیی نوێ دەری خستووە، دەکرێت چارەسەری جینەکان بەکاربهێنرێت بۆ گەڕاندنەوەی توانای بیستن بۆ ئەو منداڵ و پێگەیشتووانەی کە بەهۆی بازدانێکی بۆماوەیی دەگمەنەوە، تووشی كەڕبوون "نابیست"ـی زگماکی یان کەمیی بیستنی توند بوون.
توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکی توێژەران
لە پەیمانگەی کارۆلینسکا لە سوید، بە هاوکاری لەگەڵ نەخۆشخانە و زانکۆکانی چین بەڕێوەچوو، توێژینەوەکە 10 نەخۆشی لەخۆ گرت کە تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ 24 ساڵ بوو. هەموویان بەهۆی بازدان لە جینێکدا بە ناوی "OTOF" تووشی كەڕبوونی بۆماوەیی یان کەمیی بیستنی توند ببوون، کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی پڕۆتینی "ئۆتۆفێرلین" بۆ گواستنەوەی ئاماژەکانی بیستن لە گوێوە بۆ مێشک.
لە چارەسەرە جینەکەدا، توێژەران گواستەرەوەیەکی ڤایرۆسیی دەستکردیان بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی کۆپییەکی ساغی جینی OTOF بۆ ناو گوێی ناوەوە، ئەمەش لە ڕێگەی یەک دەرزییەوە کە لە پەردەیەکەوە بە ناوی "پەنجەرەی خڕ" دەدرێت.
زۆربەی نەخۆشەکان تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا، باش بوونێکی بەرچاویان لە بیستندا نیشان دا، باش بوونەکەش تا شەش مانگ بەردەوام بوو. تێکڕای ئاستی دەنگی پێویست بۆ بیستن لە 106 دێسیبڵەوە دابەزی بۆ 52 دێسیبڵ "دابەزینی دێسیبڵ مانای باشتربوونی توانای بیستنە".
باشترین ئەنجام لەلای منداڵانی تەمەن پێنج بۆ هەشت ساڵ دەرکەوت، بەجۆرێک کچێکی حەوت ساڵان نزیک بووەوە لە گەڕانەوەی تەواوی بیستنی، دوای چوار مانگ لە وەرگرتنی چارەسەر، توانیی بە شێوەیەکی ئاسایی قسە لەگەڵ دایکی بکات.
چارەسەرەکە کاریگەریی خۆی لەسەر هەرزەکاران و پێگەیشتووانیش سەلماندووە، توێژینەوەکە دووپاتی کردەوە، چارەسەرەکە سەلامەتە و هیچ لێکەوتەیەکی مەترسیداری نەبووە.
دکتۆر ماولی دوان، یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە گوتی، "ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە لە بواری چارەسەری جینیدا بۆ كێشەكانی نابیستان، ڕەنگە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژیانی زۆر کەسدا دروست بکات".
توێژینەوەکە لە گۆڤاری "Nature Medicine" بڵاو کراوەتەوە.
سەرچاوە: مێدیکاڵ ئێکسپرێس