لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، شەپۆلێكی خۆڵبارین ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتەوە، پێشبینی دەكرێت، خۆڵبارینەكە بەردەوامی هەبێت.
بەهۆی خۆڵبارینی چەند رۆژی رابردوو، سەتان كەس لە شارەكانی كوردستان و عێراق رەوانەی نەخۆشخانە كراون، تەنیا لە كەركووك لەماوەی 24 سەعاتدا 100 كەس زیاتر بەهۆی تەنگەنەفەسی و خۆڵبارینەوە رەوانەی نەخۆشخانە كراون.
رێنوێنیی پزیشكان بۆ خۆڵبارین وایە، كە چەند رێوشوێنێك لە كەشوهەوای لەو جۆرەدا بگیرێتە بەر.
د. محەمەد میرزا، پسپۆڕی فیسیۆلۆجی بە "وشە"ی راگەیاند، گەردەلوولی خۆڵ كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر كۆئەندامی هەناسەدان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی هەناسەدان دەناڵێنن. بەركەوتنی ڕاستەوخۆ بەم تۆزە دەبێتە هۆی خورانی پەردەی چڵكدار لە كۆئەندامی هەناسەدان، ئەمەش دەبێتە هۆی خورانی بۆڕییەكانی هەناسە.
"ڕەنگە كەسانی تەندروستیش كاریگەریی زریانی خۆڵیان لەسەر بێت كاتێك بەر بڕێكی زۆر تۆز و خۆڵ دەكەون، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی كۆكە و پژمین، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی سووربوونەوەی چاو و نیشانەكانی تر كە لە ئەنجامی بەركەوتنی ڕاستەوخۆ بە ڕێژەیەكی زۆر تۆز و پیسی دروست دەبێت". ئەو پزیشكە وای گوت.
ئەو پزیشكە بەمشێوەیە ئامۆژگاریمان دەكات:
* بەكارهێنانی چاویلكە و قەترەی چاو بۆ پاراستنی چاو لە خۆڵ و پیسی، بۆ ئەوەی تووشی هەستیاری و هەوكردنی چاو نەبێت.
* دووركەوتنەوە لە چوون بۆ شوێنی كراوە، وەك پاركەكان لە كاتی زریانەكاندا.
* لە كاتی دەرچوون لە ماڵەوە دەمامك ببەستە و بە بەردەوامی بیگۆڕە.
* نەخۆشانی تەنگەنەفەسی، دەبێت هەمیشە ئامێری هەناسەدانیان لەگەڵ خۆیان بێت لە ئەگەری هەر حاڵەتێكی لەناكاودا.
* لە كاتی شۆفێریدا دڵنیابە لە داخستنی پەنجەرەكان و لەبری هەوای دەرەوە، ئەیركۆندیشن بەكار بهێنە.
* ئەگەر زریانەكان لە كاتی كەشوهەوای گەرمدا ڕوویان دا، پێویستە بڕێكی پێویست ئاو بخورێتەوە.
* ئامادەكردنی ماڵەكەت پێش زریانی خۆڵ.
* داپۆشینی ئەو پارچانەی مۆبیلیات كە زۆرترین زیانیان هەیە بەهۆی تۆز و خۆڵەوە.