سیر هەزاران ساڵە لە بواری پزیشكی بەكار دێت و شارەزایانی نوێش ئاماژە بە سوودە زۆرەكانی دەكەن، ئامۆژگاریی خەڵك دەكەن بەردەوام بەكاری بێنن.
پسپۆران بۆ ماڵپەڕی سی ئێن ئێن قسەیان كردووە، ئاماژەیان بە دیارترین سوودەكانی سیر كردووە و دەڵێن: بۆ زۆر دەرد دەرمانە.
پسۆڕان دەڵێن: سیر بە یەكێك لە خۆراكە بەهێزەكان دادەنرێت كە یارمەتی بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی جەستە دەدات، یارمەتیی جەستە دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەكتریاكان و ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا كەم دەكاتەوە.
ئاماژە بەوەش دەكەن، خواردنی بەردەوامی سیر یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی بەرزی پەستانی خوێن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك كەم دەكاتەوە.
سیر یارمەتیی دابەزاندنی ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ (LDL) دەدات لە خوێندا، ئەمەش تەندروستیی دڵ بەرەوپێش دەبات و ئەگەری گیرانی خوێنبەرەكان كەم دەكاتەوە.
هاوكات ئەوەشیان گوتووە، بەهۆی تایبەتمەندیی دژە هەوكردن و دژە چەورییەوە، سیر یارمەتی باشتركردنی سوڕی خوێن دەدات و ڕێگری لە مەینبوونی خوێن دەكات، بەم شێوەیەش دڵ دەپارێزێت. تایبەتمەندی دژە بەكتریا تێدایە، ئەمەش وایكردووە كاریگەر بێت لە چارەسەركردنی هەوكردنی پێست و دەم و تەنانەت ڕیخۆڵەش.
پسپۆڕان باس لەوەش دەكەن خواردنی سیر دەبێتە هۆی هاندانی كۆئەندامی هەرس و یارمەتی نەهێشتنی غازات و ئاوسانی گەدە دەدات، هەروەها ناڕەحەتی گەدە كەم دەكاتەوە.
لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە سیر بەرەنگاریی شێرپەنجە دەبێتەوە، هەندێك لە توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، سیر دژەئۆكسانی تێدایە كە یارمەتیدەرە لە ڕێگریكردن لە هەندێك جۆری شێرپەنجە، وەك شێرپەنجەی گەدە و قۆڵۆن.