لە هەولێر چوار هەزار پشكنین و 400 نەشتەرگەریی چاو بەخۆڕایی دەكرێت

:: PM:01:41:06/07/2025 ‌
دامەزراوەیەك چوار هەزار پشكنین و 400 نەشتەرگەریی چاو، بەخۆڕایی بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت ئەنجام  دەدات.

ئەمرۆ یەكشەم شەشی تەمووز، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە شاندێكی دامەزراوەی بینینی جیهانی بە سەرۆكایەتیی نەمیر جبووری كرد.

لە دیدارەكەدا شاندەكە تیشكیان خستەسەر كار و بەرنامەكانیان، وەك دامەزراوەیەكی خێرخوازی و ئاماژەیان بەوە دا كە بڕیاریان داوە لە هەولێری پایتەخت، بە هاوئاهەنگی پارێزگای هەولێر و لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە نەخۆشخانەی چاوی فێركاری هەولێر، چوار هەزار پشكنینی چاو  و 400 نەشتەرگەریی ئاوی سپی و زێدە گۆشتی چاو،  بە خۆڕایی بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و هەژارانی شاری هەولێر لە ڕێگەی پزیشك و پسپۆرانی دامەزراوەكەیان ئەنجام بدەن.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە دامەزراوەكە، ئامادەیی هەموو ئاسانكارییەكی پارێزگای پێشاندان و دووپاتی كردەوە، ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی شارەكەمان و هەژاران و كەمدەرامەتان بێت، بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوئاهەنگین، هەرچی پێویستیش بێت بۆ سەرخستنی كارەكەتان ئامادەین پێشكەشتان بكەین.



وشە - سۆران عەزیز