توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە كوڕان زیاتر تووشی شێوانی گەشەی دەمارەكان وەك ئۆتیزم و زۆرجوڵەكردن و پەرتەوازەبوونی سەرنج دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی بەركەوتنیان بە ژینگەیەكی ژەهراوی ناسراو بە مادە كیمیاییە هەمیشەییەكان یان تێر بە فلۆرەكان.
ئەو جۆرە مادە كیمیاییانە بەشێوەیەكی زیاتر لە هەندێك كەرەستە هەن رۆژانە بەكار دەهێنرێن وەك قوتووە پلاستیكییەكان و كاغەزی داپۆشینی خۆراك و دەفرەكانی كوڵاندن و هەندێك جۆر قوماش، ئەو مادانە درەنگ شی دەبنەوە و لە ژینگە و شانەكانی مرۆڤ بۆ ماوەی چەند دەیە ساڵێك دەمێننەوە.
بەپێی رۆژنامەی
"دەیلی میڵ"ی بەریتانی توێژەرانی زانكۆی رۆچستەر سەرنجیان خستە سەر مادەیەكی كیمیایی بە ناوی " PFHxA"، كە بۆ داپۆشینی خۆراك بەكاردەهێنرێت، زانایان ژمارەیەك مشكیان لە تاقیگە خستە بەر كاریگەریی ئەو مادەیە لە رێگەی دایكیانەوە لە ماوەی دووگیانی و شیرپێدانیان، تێبینیی ئەوەیان كرد مشكە بچووكە نێرەكان ئاكارێكی هاوشێوەی راراییان بەسەر بەدیار كەوت، جیا لە بوونی كێشە لە یادەوەری و كەمبوونەوەی چالاكییان، ئەو نیشانانەش هاوشێوەی ئۆتیزمن، لەوكاتەی ئەو ئاكارانە لە مێینە بەدیار نەكەوتن.
ئەندامانی ئەو توێژینەوە پاڵپشتییان لەو بیرۆكەی پێشتر كرد بەوەی مێشكی نێرینە زیاتر بە گوشارەكانی ژینگە لە قۆناغی پەرەسەندن كاریگەر دەبێت، رەنگە ئەوەش هۆكاری ئەوە بێت كوڕان سێ هێند بە بەراورد بە كچان تووشی ئەو شێوانە دەماریانە دەبن، ئیلیزابێس بلانك سەرۆكی تیمی توێژەران گوتی، ئەنجامەكانی مایەی نیگەرانین، بەتایبەتی كە مادەی " PFHxA "، وەك مادەیەكی سەلامەتتر لەبری مادە كیمیاییە كۆنە قەدەغەكراوەكان بەكاردیت، ئەگەرچی هەندێك لە شارەزایان دەڵێن دەستنیشانكردنی زیاتری ئەو حاڵەتانە لە نێرە بەهۆی زەحمەتیی دەستنیشانكردنی نیشانەكانیانە لە مێیینە.