ئێستە لە وەرزی هاوین و گەرماداین و چاوەڕوان دەكرێت تا مانگی داهاتووش پلەكانی گەرما زیاتر هەڵبكشێن، لەو ناوەدا شارەزایانی تەندروستی وریایی لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گەرما لەسەر تەندروستی مرۆڤ بەگشتی و مێشك و دەروونی دەدەن.
د. جایس رید بەڕێوەبەری بەشی پزیشكیی دەروونی لە نەخۆشخانەی سیدارز سینای لە لۆس ئەنجلۆس لە ئەمەریكا دەڵێت، مێشك ئەندامێكی سەرەكیی لەشی مرۆڤە و زۆر بە گەرما كاریگەر دەبێت، كار لە مێشك و تواناكانی دەكات، رەنگە لەكاتی گەرمادا هەست بەوە بكەیت سستر كارەكانت تەواو دەكەیت و بەجێیان دەگەیەنیت یان بیرهاتنەوەت سستر بووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە مێشكت بە گەرمی كاریگەر بووە.
ئاماژە دەكات كە هاوكات گەرما كار لە لایەنی دەروونیی مرۆڤ دەكات، هەڵچوون و رارایی زیاد دەكات و توانای یادەوەری و هۆشیاری و خێرایی وەڵامدانەوەی كەمتر دەكات، بەگشتی كار لە چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان و پیشەییەكانی مرۆڤ دەكات، واتە كاركردنی رۆژانەی، لەوانە شێوانی زۆر رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ بەركەوتنی خۆر، كە وا لە مرۆڤ دەكات سەردانی نەخۆشخانە بكات.
خاتوو سیا گالاگر پزیشكی دەروونی و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی سەلامەتی لە زانكۆی نیویۆرك ئاماژە دەكات كە كاتێك پلەی گەرمیی لەش زیاد دەبێت بە زەحمەتی پارێزگاری لە هاوسەنگیی ناوخۆیی دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی شێوانی نوستن و شەكەتی و لاوازی سەرنجدان و فەرمانەكانی درككردن و سستی وەڵامدانەوە و زەحمەتیی وەرگرتنی بڕیارەكان، روونی كردەوە، گەرمای زۆر هەوكردنی مێشك زیاتر دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی تێكچوونی دەمارەخانەكان و زیادبوونی دەمارگیری و مەترسیی تووشبوون بە سەكتەی مێشك.