قارچك و دۆمەڵان چارەسەری نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی بەساڵاچووانن

:: AM:10:35:07/07/2025 ‌
لەگەڵ بەسەرچوونی تەمەن و گەیشتن بە قۆناغی بەساڵاچوویی "پیری"، جۆرە بۆنێكی ناخۆش لەلای بەساڵاچووان دروست دەبێت و چارەسەركردنیشی ئاسان نییە، رەنگ بەشێكیشی پێوەندیی بە جۆری خزمەتكردنی بەساڵاچووەكەوە هەبێت. بەڵام پسپۆرێك لە بواری چاودێكردن و خزمەتكردنی بەساڵاچووان ئاشكرای دەكات، بۆ نەهێشتنی ئەو بۆنە ناخۆشە، قارچك و دۆمەڵان باشترین چارەسەرن.

پێگەی "عەرەبیە" پشتی بە راپۆرتێكی "دێڵی مێڵ" بەستووە كە لیزلی كینی پسپۆری بواری چاودێكردن و خزمەتكردنی بەساڵاچووان، قسەی لەبارەی بۆنی ناخۆشی بەساڵاچووان كردووە، ئاماژەی داوە ئەو بۆنە ناخۆشە پێوەندیی بە چەوری و ترشەڵۆكەوە هەیە كە تووشی كەسانی بەساڵاچوو دەبێت، رەنگە بەشێكی هۆكارەكەی بۆ خاوێنڕانەگرتنی هەبێت. بەڵام زانایان بەوە گەیشتوون ئەو بۆنە ناخۆشە چالاكییەكی كیمیاییە كە لە قۆناغی پیرییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و پێوەندیی بە رەگەزەوە نییە، واتە هەردوو رەگەز تووشی دەبن.

ئەو پسپۆرە زیاتر گوتی، بۆ چارەسەركردنی ئەو بۆنە ناخۆشە دەركەوتووە لە ماوەی هەفتەیەكدا بەساڵاچوو چوار جار قارچك و دۆمەڵان بخوات و لێی رزگار دەبێت، ئەو بۆنە لە مادەیەك دروست دەبێت پێی دەگوترێ "2- نۆنیناڵ"، ئەویش لە شیكردنەوەی ترشەڵۆكی ئۆمیگا7یە كە لە چەوریی سروشتی پێست دروست دەبێت. لەگەڵ بەسەرچوونی تەمەن، جەستە كەمترین دژەئۆكسید بەرهەم دێنێت. ئەوەیش وا دەكات "2- نۆنیناڵ" كیمیایی لە جەستە كۆ ببێتەوە و تێیدا بمێنێتەوە.

باس لەوە دەكرێ كە ئەو دیاردەیە بۆ یەكەمین جار لە توێژینەوەیەكی ژاپۆنیدا لە ساڵی 2010دا كراوە و دەركەوتووە، مادەی "2- نۆنیناڵ" تەنیا لەناو ئەوانەدا دەبێت كە تەمەنیان 40 ساڵی تێپەڕ كردووە، ئەویش بەبێ جیاوازیی رەگەز. پسپۆرەكەیش دەڵێت توێژینەوەكە ئەوەی ئاشكرا كردووە، بۆنە ناخۆشەكە تەنیا بۆ ئەوانەیە كە بەرەو پیری دەڕۆن، چونكە لە تێپەڕینی تەمەندا، شانەكانی پێست ناتوانن خۆیان نوێ بكەنەوە بەراورد بە گەنجان كە هەمیشە شانەكانی پێست لەلایان نوێ دەبنەوە.

باس لەوەش دەكات كە بۆنەكە تەنیا لە جەستەی بەساڵاچوون نایەت، بەڵكو دەگوازرێتەوە ناو جلوبەرگ و تەنانەت پێخەفیش، ئەگەر كەسەكە رۆژانەیش بشۆرێت و پاك بكرێتەوە، ئەستەمە ئەو بۆنە بەئاسانی لەناو بچێت و نەمێنێت. بۆیە پسپۆرەكە دووپات دەكاتەوە كە باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنی ئەو بۆنە ناخۆشە وەك ئەزموون كراوە، خواردنی قارچك و دۆمەڵانە، چونكە دوو مادەی ئیرگۆپیۆنین و سپێرمیدین لەخۆ دەگرن و ئەو مادانە دەتوانن "2- نۆنیناڵ" لە جەستەدا لەناو ببەن و دواتریش ببێتە هۆی نەمانی بۆنەكە ناخۆشەكە.

ئاماژە بە ئیرگۆپیۆنین كراوە كە ترشەڵۆكی ئەمینی و دژەئۆكسیدی بەهێز، پارێزگاری لە چەوریی پێست دەكات لە شیكردنەوەی بۆ "2- نۆنیناڵ"، هاوكات ناتوانێ جەستە لەو تەمەنەدا ئیركۆپیونین بەرهەم بێنێت، بەڵام دەتوانی بە خواردنی قارچك و دۆمەڵان ئەو ئاستە بەرزە بەدەسن بێنیت. لە هەمان كاتدا سپیرمیدین دەتوانی شارە كۆنەكان بشكێنێ و شانەی تر لە جێگەی دروست بكاتەوە.

دواتریش ئەو پسپۆرە دووپات دەكاتەوە، ئەگەر رووەكە دەوڵەمەند بە سپیرمیدینەكان بەباشی بخورێت كە خۆی لە قارچك و دۆمەڵان و پاقلەمەنییەكان و بازالیا و سۆیا دەبینێتەوە، ئەوكات سوودی زۆری بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی جەستەی كەسانی بەساڵاچوو دەبێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د