دەسەڵاتدارانی تەندروستیی بەریتانیا بەپەلە زیاتر لە 11 هەزار كارتۆن قەترەی چاو لە جۆری زادیتین لە دەرمانخانە و نەخۆشخانەكان دەكشێننەوە، ئەوەش دوای دەركەوتنی كێشەیەك هەڕەشە لە تەندروستیی چاو و توانای بینین دەكات.
كشاندنەوەی ئەو دەرمانە دوای گومانكردن هات بە بوونی كێشەیەك لە دروستكردنی لە كارگە، كە وا دەكات وەك پێویست پاك نەبێت و ئەوانەی بەكاری دێنن چاوەكانیان تووشی نەخۆشی دەبێت تا ئاستی لەدەستدانی توانای بینین.
دەستەی دەرمان و بەرهەمەكانی چاودێریی تەندروستی لە بەریتانیا وریایی لەبارەی بەكارهێنانی قەترەی چاوی جۆری " Zaditen" بە چڕی 0.25 ملگرام/مل دا كە بۆ چارەسەركردنی نیشانەكانی هەستیاریی وەرزیی چاو بەكاردێت، لەوانە بۆ خوران و سوورهەڵگەڕان و هاتنی ئاو لە چاوەكان، ئەوەش لە رێگەی رێگرتن لە دەردانی هیستامین، ئەو مادە كیمیاییەی بەرپرسە لە كارلێكی هەستیاری لە لەش.
لەكاتی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە دەرمانە پاكوخاوێنیی ژینگەی كارگە زۆر گرنگە و هەر پیسبوونێكی میكرۆبی، دەبێتە هۆی مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستی چاو، بۆیە چاودێریكردنی ژینگەی كارگە رۆڵێكی گەورەی لە رێگرتن لە پیسبوون و پاراستنی تەندروستی بەكارهێنەرانی ئەو دەرمانانە هەیە.
دەستەكە دەڵێت، ئەگەری هەیە ئەو قەترانە لەكاتی دروستكردنیان پیسبووبن، ئەوەش وا دەكات هەوكردنی چاو وەك پێڵوو و كۆرنیەم و ژێر پێڵووەكان دروست بكەن، كە ئەگەر بەپەلە چارەسەر نەكرێن رەنگە زیانی بەردەوام بە چاوەكان بگەیەنن تا ئاستی لەدەستدانی هەستی بینین.