دوای ژەمی خواردن چارەكێك رێ بكە

:: PM:07:59:07/09/2025 ‌


شارەزایانی تەندروستی و خۆراك پێیان وایە پێویستە مرۆڤ هاوسەنگییەك لە نێوان خۆاردن و جووڵانەوەی دروست بكات، كاركردنی تەواوی ئەندامانی لەشی مرۆڤ بە شەو و رۆژ پێویستییان بە وزە هەیە، ئەو وزەیەش لە خۆراك دەستی دەكەوێت، هەركاتێك ناهاوسەنگی هەبێت مرۆڤ تووشی كێشە دەبێتەوە، ماڵپەڕێك ئاماژە بۆ گرنگیی رێكردن لە دوای ژەمی خۆراك دەكات.

ماڵپەڕی "ئێڤری دەی هیڵس"، ئاماژە دەكات رۆیشتن لە دوای ژەمی خواردن بۆ هەر ماوەیەك بۆ تەندروستی باشە، شارەزایان پێیان باشە ئەو رۆیشتنە راستەوخۆ دوای خواردن بێت، واتە لە نیو سەعاتی یەكەمی دوای نانخواردن، شیری كۆلبێرج مامۆستای زانكۆ دەڵێت، ئەگەر هەستت بە ئاسوودەیی كرد لە رۆیشتن راستەوخۆ دوای نانخواردن، ئەوە كاتێكی گونجاوە.

توێژینەوەكان لەبارەی سوودەكانی ئەو جۆرە رۆیشتنە راستەوخۆ دوای نانخواردن دەڵێن، رێژەی شەكرەی خوێن رێك دەخات، جیا لە رێكخستنی هۆكارەكانی تری پێوەست بە كێشەكانی دڵ و میتابۆلیسم، كە كێشەی دڵ دروست دەكەن، ئەوەش لە بری دانیشتن و پاڵكەوتن لە دوای ژەمەكانی خواردن. 

شارەزایان ئاماژە دەكەن كە مەرج نییە رۆیشتنەكە كات و یاسای تایبەت و توندی هەبێت، تۆ دەتوانیت وەك گەشت و پیاسەیەكی هێمنانە ئەنجامی بدەیت، تەنانەت لە دوو بۆ پێنج خولەك رۆیشتنی ئاسایی و هێمنانە، بە گشتی رۆیشتن بۆ ماوەی 15 خولەك لە دوای هەر ژەمێك دەبێتە هۆی باشبوونی تەندروستیی مرۆڤ و خەوی شەوانەی، بەتایبەتی بۆ دڵ باشە و بیكەیتە نەریتێكی رۆژانە.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل