بۆ كەمكردنەوەی ئازاری پشت گوێ لە موزیك بگرن

:: AM:11:47:13/09/2025 ‌
توێژینەوەیەكی نوێی ئاشكرای كردووە كە ئاسانترین رێگە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری پشت بەبێ دەرمان، گوێگرتنە لە موزیك، ئەو موزیكەی كە نەخۆش پێی ئاسوودە دەبێت.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، هەواڵێكی لە بەشی تەندروستیی "رووسیای ئەمڕۆ"ی وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، ئەو توێژینەوە نوێیەی لەبارەی ئازارەكانی پشت كراوە، سەتان كەسی بە نموونە و شیكارەكانی وەرگرتووە و ئاشكرای كردووە، كەسی تووشبوو بە ئازارەكانی پشت، ئەگەر بۆ ماوەی 10 خولەك گوێ لە موزیكێكی ویستی خۆی بگرێت، ئازارەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمتر دەبێتەوە. ئەوەیش لە نەخۆشخانەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا ئەزموون كراوە.

دووپات كراوەتەوە كە ئەزموونی ئەو حاڵەتە كراوە و هەر كەسێك كێشەی ئازاری پشتی هەبێت، ئەگەر بۆ ماوەی 10 خولەك گوێ لە موزیكێك بگرێ كە خۆی ئارەزووی لێیە، بە ماوەیەكی كەم ئازارەكانی كەمتر دەبنەوە. بۆیە پسپۆران دەڵێن كەمبوونەوەی ئازارەكە بە یەكجاری نییە، بەڵكو كەمكردنەوە یان نەمانی بۆ ماوەیەكی كاتییە، ئەویش پێوەندیی بە كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و حاڵەتە دەروونییەكانی تر هەیە.

پسپۆران دەڵێن، ئەم ئەزموونە ئاسانترین رێگە بۆ كەمكردنەوەی ئازاری پشت و هاوكات لە رووی خەرجیشەوە هیچی تێناچێت، هاوكات كەسی نەخۆش پێویستیی بەوە نابێت دەرمان و حەب و دەرزی بەكار بێنێ بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی. ئەویش لە چارەسەرە تەقلیدییەكان دووری دەكاتەوە كە زۆرجار كاریگەریی لەسەر تەندروستیی گشتی دەبێت.

دواتریش پسپۆران دەڵێن، هەوڵی رژد هەیە كە بۆ داهاتوو، موزیك بكرێتە چارەسەر بۆ چەندان نەخۆشیی تر، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی ئالوودەبوونی مادەی هۆشبەر و كهوول بوون و موزیك وەك چارەسەرێك بۆ ئەو بوارە بەكار بهێنرێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د