بەپێی توێژینەوەكان، تەماتە سوودێكی زۆری بۆ فشاری خوێن و نەخۆشییەكانی جگەر و شلكردنەوەی خوێن هەیە و مەترسی شێرپەنجەش كەم دەكاتەوە. پسپۆرێكیش دەڵێت، من لەبری حەبی ئەسپرین، بۆ نەخۆشەكانم تەماتە پێشنیار دەكەم.
لە كۆنەوە كورد رۆژانە تەماتەی خورادووە و بەشی زۆریشی بەكاڵی خوراوە، بەپێی توێژینەوە نوێیەكان، تەماتە رێگریی لە سەرهەڵدانی چەندان نەخۆشی دەكات.
د. یوسف كە پسپۆرێكی مێشك و دەمارە، لەمبارەیەوە بۆ "وشە" گوتی، من ئەو نەخۆشانەی دێنە لام داوا دەكەن پڵاڤێكس یان ئەسپرینیان بۆ بنووسم تا چڕی خوێنیان شل بكاتەوە، ئامۆژگاریان دەكەم رۆژانە دوو تەماتە بەكاڵی بخۆن.
د. یوسف دەڵێت، بەپێی توێژینەوەكان تەماتە ئەو كارە دەكات، ئیتر پێویست نییە تۆ ئەو حەبە بخۆیت، مەگەر رێژەی چڕبوونەوەی خوێنەكە بەرز بێت.
تەماتە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسێنەرەكانی وەك لایكۆپین و ڤیتامین و كانزاكان، كە خانەكانی جگەر لە ژەهر دەپارێزن و بەرەنگاری فشاری ئۆكسجینی دەبێتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری "Antioxidants" بڵاو كراوەتەوە، خواردنی بەردەوامی تەماتە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر و چارەسەركردنی هەوكردنی درێژخایەن.
تەماتە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە مادە خۆراكییە گرنگەكان، بەم شێوەیەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر جەستە دروست دەكات، لایكۆپین كە دژە ئۆكسێنەرێكی بەهێزە و لە تەماتەدا هەیە، بەشێوەیەكی گشتی پێویستە بۆ باشتركردنی تەندروستی، توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لایكۆپین خاوەنی تایبەتمەندی دژە هەوكردن و دژە شێرپەنجەیە، ئەمەش وایكردووە ببێتە پێكهاتەیەكی سەرەكی لە پشتگیریكردنی تەندروستی جگەر و كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی.
دەركەوتووە كە لایكۆپین كاریگەری هەیە لە باشتركردنی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە، شەكرە، ئاڵۆزییەكانی دڵ، تێكچوونی كاركردن كە لە ئەنجامی فشاری ئۆكسجینەوە روو دەدات، هەوكردن، نەخۆشییەكانی پێست، ئێسك، تێكچوونی جگەر، كۆئەندامی دەمار و كۆئەندامی زاوزێ، توێژینەوەكان دەریانخستووە كە لایكۆپین مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە.
هەوكردنی درێژخایەن هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زۆر لە نەخۆشییەكان، لەوانە شێرپەنجەی جگەر، بەڵام بەهۆی ڕێژەی لایكۆپین تەماتە یارمەتی كەمكردنەوەی هەوكردن دەدات لە جەستەدا، ئەم كەمبوونەوەی هەوكردنەش پاڵپشتی تەندروستی گشتیی جگەر دەكات، فشاری ئۆكسجین كەم دەكاتەوە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە.
جگە لە پاراستنی جگەر و كۆنترۆڵكردنی هەوكردن، تەماتە كۆمەڵێك سوودی تەندروستی بەرفراوان پێشكەش دەكات، دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسێنەر، خانەكان لە زیانەكانی ئۆكسجین دەپارێزن، بەرەوپێشبردنی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەكان. بەهێزكردنی سیستمی بەرگری جەستە، كۆنترۆڵكردنی كێش، تەندروستیی پێست دەپارێزێت و یارمەتیی بەهێزبوونی ئێسكەكان دەدات.