یەك قوتوو خواردنەوە گازی چی بەسەر جگەر دێنێت؟

:: PM:06:30:07/10/2025 ‌

بە بەردەوام وریایی لەبارەی كاریگەریی خواردنە گازییەكان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەدرێت، چەندان توێژینەوەی جیاواز لەوبارەوە كراون و دووپات لەوە دەكەنەوە، توێژینەوەیەكی نوێ باسی كاریگەریی خواردنەوە گازییەكان لەسەر جگەر دەكات، بەوەی خواردنەوەی یەك قوتوو مەترسیی تووشبوون بە چەوری جگەر زیاد دەكات.

توێژەران لە زانكۆی "سوچو"ی چینی ئاماژە دەكەن كە خواردنەوەی رۆژانەی یەك قوتووی خواردنەوە گازییەكان، واتە بە قەبارەی 250 میلیلیتر، جا بە شەكر بێت یان دایت، مەترسیی تووشبوون بە چەوری جگەر بەهۆی میتابۆلیسم بە رێژەی تا 60% زیاد دەكات، توێژەران جۆری خۆراكی زیاتر لە 123 هەزار كەسی پێگەیشتوویان لە بەریتانیان شی كردەوە كە پێشتر كێشەی جگەریان نەبوو، دەركەوت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییكە گەیشتووەتە 50% لەو كەسانەی خواردنەوە گازییە شیرینكراوەكان و 60% لای ئەوانەی خواردنەوە گازییە دایتەكانیان خواردووەتەوە.  

ماوەی توێژینەوەكە 10 ساڵ بوو و لەو ماوەیەدا 1178 بەشدار تووشی چەوریی جگەر بوون و 108یان بەهۆی كێشەی جگەرەوە مردن، ئەنجامەكان دەریان خست كە گۆڕینی خواردنەوە گازییەكان، بە شیرین و دایتەوە بە ئاو، مەترسیی تووشبوون بە چەوری جگەر كەم دەكاتەوە، چونكە ئەو خواردنەوە شیرینكراوانە راستەوخۆ كار لە ئاستی شەكر لە خوێن دەكەن و خواردنەوە گازییە دایتەكانیش لە میكرۆبەكانی ریخۆڵە.

لی هیلیۆ توێژەر دەڵێت، رێژەی بەرزی شەكری ناو خواردنەوەی گازییە شیرینكراوەكان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای شەكری خوێن و ئەنسۆلین، كێشی لەش و رێژەی ترشی یۆریك زیاد دەكات و ئەوانەش دەبنە هۆی كۆبوونەوەی چەوری لە جگەر، هەرچی خواردنەوە گازییە دایتەكانن، لە رێگەی گۆڕانكاری لە بەكتریای ریخۆڵە كار لە جگەر دەكەن، هەروەها كار لە هەستكردن بە تێربوون و خواستی خواردنی شیرینی و هاندانی دەردانی ئەنسۆلین دەكەن، باشترین شت گۆڕینەوەیانە بە ئاو كە پەستانی سەر میتابۆلیسم كەم دەكاتەوە و رێگری لە كۆبوونەوەی چەوری لە جگەر و پارێزگاری لە شێداریی لەش دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل