د. بژار سورچی: لە داهاتوویەكی نزیكدا نەخۆشی تووشبووی داون نامێنێت

:: AM:09:32:12/10/2025 ‌
د. بژار سورچی پزیشكی گشتی رای گەیاند، لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنیكێكی تەكنەلۆجیی پێشكەوتووەوە، توانراوە هەنگاوێكی زانستی بەرەو رێگری لە دروستبوونی كۆرپەی تووشبووی داون بنێن.

ئەو پسپۆرە كوردە لە گوتارێكی كورتدا ئاماژەی بەوە كردووە، دیاردەی داون كە یەكێكە لە شێواوییە زگماكییە دیارەكان، بەهۆی بوونی كرۆمۆسۆمێكی زیادە لەپاڵ جووت كرۆمۆسۆمی ژمارە 21ـی مرۆڤ دروست دەبێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی كۆرپەڵەیەك كە دواكەوتنی ژیری و تێگەیشتن و فێربوونی هەیە لەگەڵ چەند تایبەتمەندییەكی روونی جەستەیی كە بە ئاسانی دەناسرێنەوە، رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا دیاردەكە بوونی نەمێنێت.

د. بژار دەڵێت: زانا ژاپۆنییەكان رایان گەیاندووە، توانیویانە بە سەركەوتوویی كرۆمۆسۆمە زیادەكەی پاڵ جووت كرۆمۆسۆمی 21 لاببەن، ئەمەش لە كارێكی تاقیگەیی ورددا لە ڕێگەی بەكارهێنانی تەكنیكێكی تەكنەلۆجیی پێشكەوتووەوە. 

باسی لەوەش كردووە، ئەمەش هەنگاوێكی زانستی دەگمەن و مەزنە بەرەو رێگریی لە دروستبوونی كۆرپەی تووشبووی داون، بەڵام هێشتا لەسەر مرۆڤ تاقی نەكراوەتەوە و هەندێكی ماوە بگاتە ئاستی بەكارهێنانی وەك چارەسەر.



وشە - سۆران عەزیز