باسی سك بریتییە لە قەتیسبوونی هەوای زیاد یان كەڵەكەبوونی غازەكان لە كۆئەندامی هەرس، كێشەیەكی بێزاركەرە و ملیۆنان كەس لە دنیا بە دەستییەوە دەناڵێنن، دەكرێ بە هەندێك گۆڕانكاریی سادە لە سیستمی خۆراك و شێوازی ژیان چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت.
وەك ماڵپەڕی
"تایمز ئۆف ئیندیا"، بڵاوی كردەوە، د. سوراب سیسی پزیشكی شارەزای كۆئەندامی هەرس لە زانكۆی هارڤارد لەبارەی هۆكاری بای سك دەڵێت، كاتێك روودەدات كە هەوای زیاد یان كەڵەكەبوونی غاز لە كۆئەندامی هەرس روودەدات، یان كاتێك ماسولكەی ریخۆڵەكان ناتوانن خۆراكی هەرسكراو وەك پێویست جووڵە پێ بكەن، ئەوەش بەهۆی خێراخواردن و قووتدانی هەوا لەگەڵی یان خواردنی هەندێك خۆراك كە غازات دروست دەكەن وەك فاسۆڵیا و پیاز و خواردنەوەی غازی یان بەرگەنەگرتنی خۆراك و هەندێكجاریش گۆڕانكاریی هۆرمۆنی دروستی دەكات.
بەپێی قسەكانی دەتوانرێت لە رێگەی چەند خۆراكێكەوە كۆئەندامی هەرس هێور بكرێتەوە و چەند ئەنزیمێك دابین بكرێت یارمەتی لێكهەڵوەشاندنەوەی خۆراك باشتر بكرێت وەك لە خوارەوە:
كیوی، كە بە ریشاڵ دەوڵەمەندە و ئەنزیمی ئەكتینیدینی تیادایە و یارمەتی هەرسكردنی پرۆتین دەدات، خواردنی رۆژانەی دوو دانە كیوی جووڵەی ریخۆلە باش دەكات. پاپایا، ئەنزیمی پاپاینی تیادایە كە یارمەتی تێكشكاندنی پرۆتین دەدات و هەرسكردن باشتر دەكات، بۆیە خواردنی یارمەتی كەمكردنەوەی بای سك لە دوای خواردنی چەمێك پرۆتین دەدات. ئەناناس، خواردنی بڕێكی كەمی لە دوای ژەمێكی چەور، كە سەرچاوەی ئەنزیمەكانی پرۆمیلینە كە پرۆتین هەرس دەكەن، بارمەتی هەرسكردن و كەمكردنەوەی هەوكردن دەدات.
خەیار، بە ئاو و ریشاڵ دەوڵەمەندە و یارمەتی شێداركردنی لەش و رزگاربوون لە سۆدیۆم دەدات كە وا دەكات ئاوسانی سك و كۆبوونەوەی ئاو رووبدات، تۆوی شیا، بە ریشاڵ دەوڵەمەندە و خواردنی لەگەڵ ئاودا یارمەتی شلكردنەوەی پاشەڕۆ دەدات، كینوا دانەوێڵەی تەواون و ریشاڵیان تیادایە و گەشەی بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەكان بەهێز دەكەن. شۆفان، بە رێژەیەكی زۆر ئاستی چەوری لە خوێن و پەستانی بەرزی خۆێن كەم دەكەنەوە.
زەنجەبیل، یارمەتی هەرسكردن دەدات و ئازاری كۆئەندامی هەرس كەم دەكاتەوە و بای سك ناهێڵێت، چای نەعنا یان رۆنەكەی، ماسولكەی ریخۆڵەكان شڵ دەكاتەوە و گرژیی ریخۆڵە و غازات كەم دەكاتەوە و ئازاری سك و بای سك ناهێڵێت، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی قۆڵۆنی دەماریگریان هەیە باشە، تۆوی شمەر، بۆ كەمكردنەوەی بای سك باشە و چارەسەری نیشانەكانی قۆڵۆن دەكات.