ئەمرۆ رۆژی جیهانیی بێهۆشكارانە

:: AM:11:32:16/10/2025 ‌
رۆژی 16ـی تشرینی یەكەم بە رۆژی جیهانی بێهۆشكاران دانراوە، بۆ رێزلێنان لە رۆڵی گرنگی پزیشكانی بێهۆشكاریی و كارمەندانی بێهۆشكاریی لە كەرتی تەندروستی، كە توێژێكی گرنگن بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە و ئەركی سەرشانیان دڵسۆزانە جێبەجێ‌ دەكەن لەناو هۆڵەكانی نەشتەرگەری.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی كۆیە بڵاوی كردووەتەوە، مێژووی رۆژی جیهانی بێهۆشكاران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1846، كاتێك یەكەم نەشتەرگەریی سەركەوتوو ئەنجامدرا لە رێگەی بێهۆشكاریی لە ئەمەریكا، ئەم رۆژە وەك هەلێكی گرنگ وایە بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەبارەی گرنگیی بێهۆشكاریی لە پرۆسەی نەشتەرگەری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، رێزگرتن لەو بەرەوپێشچوون و داهێنانەی كە لە بواری بێهۆشكاریی ئەنجام دراوە.

ڕۆژی جیهانی بێهۆشكاران دیاری كراوە بۆ رێزگرتن لە دكتۆر ویلیام تۆمس گرین مۆرتۆن كە بۆ یەكەمجار لە رۆژی 16ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 1846، گازی ئیسەری بەكار هێنا وەك ئامرازێكی بێهۆشكاریی لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەك، پرۆسەكە بەسەركەوتوویی لە نەخۆشخانەی ماساچوستس لە شاری بۆستن ئەنجام درا، ئەوە بووە سەرەتایەك بۆ دروستبوونی بێهۆشكاریی لە كاتی نەشتەرگەریدا.



وشە - سۆران عەزیز