وەرزی پایز هات و هۆشداریی لە "خەمۆكیی پایزانە" دەدرێت

:: AM:11:44:16/10/2025 ‌
كاتێك گۆڕانكاری لە وەرزی هاوینەوە بۆ پایز دەست پێ دكات، ئەویش بەهۆی گۆڕانگاری لە نێوان كەشی گەرمی و سارد، زۆربەی خەڵك هەست بە داهێزرانی جەستە و ماندوویی دەكەن، پسپۆران بەو جۆرە گۆڕانكارییە دەڵێن، "خەمۆكیی پایزانە"، بۆ ئەوەی مرۆڤ هەست بەو جۆرە خەمۆكییە نەكات، هەندێك ئامۆژگاری دەخەنەڕوو.

بەشی تەندروستیی پێگەی "ئەهرام"ی میسری، زانیارییەكانی لە پزیشكان و پسپۆرانی بواری ژینگەیی ورەگرتووە و ئاماژەی بە خەمۆكیی پایزانە كردووە، ئەویش كاتێك لە وەرزی هاوینەوە دەچینە وەرزی پایز، لەو گۆڕانكارییە وەرزەكاندا جەستەی مرۆڤ تووشی داهێزران دەبێت و هەست بە ماندوویی زیاتر دەكات بێ ئەوەی ماندوو بێت، هەموو ئەوانە پێوەندییان بە كەشی گەرم و ساردەوە هەیە و مرۆڤ لەو حاڵەتەدا چۆن خۆی لە خەمۆكیی پایزانە دوور بخاتەوە؟.

ئەیمەن حەداد سەرۆكی بەشی بەرگریی جەستە لە دەزگای نەتەوەیی پەتاكان دەڵێت، راستییەكەی حاڵەتی دەروونی مرۆڤ لە وەرزی پایزدا، لە خوانی خۆراكەوە دەست پێ دەكات، چونكە پێویستە لە گۆڕانی وەرزدا، گۆڕانكاریی بەسەر جۆری خۆراكیشەوە بێت، بۆ ئەوەیش گرنگە هاوسەنگیی خۆراك لە نێوان هەردوو وەرزی هاوین و پایزدا بەهەند وەربگیرێت. بۆ ئەوەیش باس لە هەندێك خۆراك دەكەن كە گرنگە لە كاتی گۆڕانكاریی وەرز و سەرەتای وەرزی پایز، بایەخ بە خواردنیان بدرێت تا تووشی خەمۆكیی پایزانە نەبن.

لەبارەی جۆری خۆراكەكانیشەوە ئاماژە دراوە، زنك لە تەواوی چەرەزاتەكاندا هەیە، بۆیە بایەخ بە خواردنی بدرێت، هەروەها سیلینیۆم لە دانەوێڵەدا هەیە، بۆ وەرگرتنی سیلینیۆم بایەخ بە خواردنی دانەوێڵەكان بدرێت، هەروەها فلانۆنوید بەهەمانشێوە لە چەرەزاتدا هەیە، ڤیتامینی "بی 6" لە مۆزدا هەیە، ئەگەر ئەو جۆرە خۆراكانە بخورێت، رۆڵیان بۆ میزاج و ئارامبوونەوەی مێشك دەبێت، بۆیە ئەو خۆراكانە بۆ دووركەوتنەوە لە خەمۆكیی پایزانە  زۆر بەسوود و گرنگن.

هەروەها پسپۆران دەڵێن، ئەو خۆراكانەی بە "ئۆمیگا 6" دەوڵەمەندن، نموونەیان ماسی بەهەموو جۆرەكانی، هاوسەنگیی كیمیای مێشك رادەگرێت هاتوچۆی خوێن لە دەمارەكاندا چالاكتر دەكات. هەروەها مەگنسیۆم كە لە سەوزە گەڵادارەكاندا هەیە، ئەویش پاڵەپەستۆ لەسەر مێشك كەمتر دەكاتەوە و رۆڵی زۆری بۆ خەوی ئاسوودە هەیە، هەموو ئەوانەیش وا دەكات مرۆڤ لە خەمۆكیی پایزانە دوور بكەوێتەوە.

دواتریش باس لەوە دەكرێت كە راهێنانی جەستەیی رۆژانە ئەگەر بۆ ماوەی چەند خولەكێكیش بێت، هۆرمۆنی دڵخۆشی بەرهەم دێنێت و وا دەكات مرۆڤ هەست بە داهێزرانی جەستەی نەكات. هەروەها خۆدانەبەر هەتاو بەتایبەتی سەرلە بەیانیان، تیشكی هەتاو وا دەكات ئاستی سیرۆتونین لە جەستە بەرزتر ببێتەوە كە ئەو مادەیە، وا دەكات مرۆڤ تووشی داهێزانی جەستە نەبێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د