به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی خۆراكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران، هۆشداریی دا له‌وه‌ی نیوه‌ی دانیشتووانی ئێران له خواردنی ئه‌و خۆراكانه‌ی پێداویستیی سه‌ره‌كی له‌ش و ته‌ندروستین بێبه‌شن. به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه روونی كردووه‌ته‌وه كه گۆشت و شیره‌مه‌نی وه‌ك پێویست ناخورێت و خه‌ڵك توانای كڕینیانی نییه.
ئه‌حمه‌د ئیسماعیلزاده به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی خۆراكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له كۆنفرانسێكی تایبه‌تیدا ئاماژه‌ی دا، ئه‌و قه‌باره‌یه له شیره‌مه‌نی كه له ئێران ده‌خورێت، هێنده‌ی نیوه‌ی پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه به خۆراكه سه‌ره‌كییه‌كان و هۆكاره‌كه‌یشی بۆ گرانیی نرخه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه.
ئه‌و ئاماژه‌ی دا كه دۆخه‌كه بۆ گۆشتیش هه‌ر وایه و خه‌ڵك به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و بڕه گۆشته‌ی پێویسته رۆژانه بیخۆن، نایخۆن.
به‌پێی پێوه‌ره ته‌ندروستییه‌كان، هه‌ر تاكێك پێویسته رۆژانه 90 گرام گۆشت بخوات، به‌ڵام له ئێران هه‌ر تاكێك ته‌نیا 50 گرام ده‌خوات.
چوار گرووپی خۆراكی هه‌ن كه زۆر سه‌ره‌كین، ئه‌وانیش بریتین له دانه‌وێڵه، شیره‌مه‌نی، میوه و سه‌وزه له‌گه‌ڵ گۆشت و هێلكه و خۆراكی ده‌وڵه‌مه‌ند به پرۆتین.
نیوه‌ی دانیشتووانی ئێران به رێژه‌ی 50%ی ئه‌و پێداویستییانه‌یان دابین ده‌كه‌ن و له ساڵانی رابردوودا به‌رزیی هه‌ڵاوسان و گرانی وایكردووه، خه‌ڵك نه‌توانن رۆژانه هه‌موو پێداویستییه خۆراكییه‌كانیان بكڕن و قه‌باره‌ی خواردنی ئه‌و چوار گرووپه خۆراكییه‌یان بۆ ئاستێكی نزم كه‌م كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و دۆخه ناله‌باره و ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی به‌رۆكی ئێرانی گرتووه، كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی گشتی.