بەرزیی پەستانی خوێن یەكێكە لە حاڵەتە درێژخایەنەكان و هۆكارێكیشە بۆ تووشبوون بە نۆرەی دڵ و سەكتەی مێشك، زۆر جار هیچ نیشانەیەك دروست ناكات، ئەوەش وای كردووە نیوەی تووشبووان هەست بەوە نەكەن پەستانی خوێنیان بەرزە، بەڵام پزیشكان وریایی لە حاڵەتەكە دەدەن كە رەنگە بكوژ بێت.
جیا لەو مەترسییانەی باسیان كرا،
توێژینەوە نوێكان بەرزیی پەستانی خوێن بە پەككەوتنی گورچیلە و خەڵەفان دەبەستنەوە، ئەگەرچی بۆماوە رۆڵێكی گەورەی لە تووشبوون هەیە، بەڵام قەڵەوی و جگەرەكێشان و كەمجووڵانەوە و زۆر خواردنی سوێری لە دیارترین هۆكاری تری تووشبوونن، ئەوەی گرنگە دەتوانرێت بێ بەكارهێنانی دەرمان و لە رێگەی چەند گۆڕانكارییەكی ئاسان لە شێوازی ژیان پەستانی بەرزی خوێن كەم بكرێتەوە وەك لە خوارەوە:
*كەمكردنەوەی خواردنی سوێری و خوێ، یەكەم هەنگاوە بەرەو دابەزینی پەستانی بەرزی خوێن، وەك خواردنە دروستكراوەكان كە زۆر سوێرن، وەك فاست فوود و ماجی و كەجەب و هەیركاری و جبس و هیتریش.
*خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم، كە رێژەی سۆدیۆم لە لەش هاوسەنگ دەكەن و گلدانەوەی ئاو كەم دەكەنەوە و پەستانی خوێن دادەبەزێت، وەك مۆز و كیوی پەتاتە و سەوزە گەڵادارەكان و ماست و ماسی سەلەمۆن و ئەڤۆگادۆ.
*پارێزگاریكردن لە كێشێكی تەندروست، بەپێی توێژینەوە زانستییەكان لەدەستدانی پێنج بۆ 10%ی كێشی لەش، پەستانی خوێن باش دەكات.
*جوڵەی بەردەوام، شارەزایان دەڵێن چالاكیی جەستە و جووڵەی بەردەوام بۆ تەندروستیی دڵ و ئێسك و لوولەكانی خوێن باشە و گوشاری سەر دڵ و پەستانی بەرزیی خوێن كەم دەكاتەوە.