توێژینەوەكان باسی ئەوەیان كردووە كە ژنان زیاتر لە پیاوان ئەگەری تووشبوونیان بە نیوەسەرئێشە یان شەقیقە هەیە، توێژینەوەیەكی نوێی ئوسترالی ئاشكرای كرد كە كێشەكە لەوە زیاترە، كاتێك یەكێك لە سێ ژن بە دەست نۆرەی شەقیقەوە دەناڵێنن، لە بەرانبەر پیاوێك بۆ 15 پیاو.
شەقیقە تەنیا سەرئێشە نییە، بەڵكو شێوانێكی دەماریی ئاڵۆزە وا دەكات مێشك زانیارییە هەستییەكان بە شێوەیەكی نائاسایی چارەسەر بكات، كاتێك ئەوانەی تووشی دەبنەوە بەدەست زەحمەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ رووناكی و ژاوەژاو و بۆن و تەنانەت دەستلێدان و تامكردنیش دەناڵێنن، ئەگەری هەیە هەر نۆرەیەك لە چوار سەعات بۆ سێ رۆژ بەردەوام بێت و چەند نیشانەیەكی لەگەڵدا بێت وەك سەرسووڕان و شەكەتی و زەحمەتیی تەركیزكردن، بەوەش لە تەنیا سەرئێشەیەكی ئاسایی زیاتر و بە ئازارترە.
ژن و پیاو لە قۆناغی پێگەیشتن لێك جیا دەبنەوە، كاتێك ئاستی هۆرمۆنە سێكسییەكان گۆڕانكاریی زۆریان بەسەر دێت، ئەگەرچی هەردوو رەگەز خۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و تێستوستیرۆن بەرهەم دێنن، بەڵام ژنان زیاتر بە گۆڕان لە هۆرمۆنی ئیسترۆجین كاریگەرتر دەبن، بەتایبەتی بەر لە سووڕی مانگانە یان لە كاتی دووگیانی و وەستانی یەكجارەكیی سووڕەكە، ئەوانە پێوەندیی راستەوخۆیان بە زیادبوونی نۆرەی شەقیقە هەیە.
توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن كە مانگەكانی سەرەتای دووگیانی لە ژن ئاستی توندیی شەقیقە زیاتر دەكەن، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاریی خێرای هۆرمۆنییەوە، بەڵام لە نیوەی دووەمی دووگیانیدا نیشانەكانی كەمتر دەبنەوە بەهۆی كەمبوونەوەی گۆڕانكارییە هۆمۆنییەكان، جیا لەوە بۆماوەش رۆڵی هەیە، چونكە شەقیقە زیاتر لە دایكەوە دەگوازرێتەوە، چونكە ئەو مایتۆكۆندریایەی بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی وزە لە خانە تەنیا لە دایكەوە دەگوازرێتەوە، مێشكی تووشبووان بەو حاڵەتەش بەدەست كەمیی وزەوە دەناڵێنێت، كە ئەوەش وا دەكات بۆ هەندێك گوشاری زیاتر وەم كەمخەوی و رارایی و نەخواردن هەستیارتر بێت.