چەند نیشانەیەكی زووی گرێی مێشك

:: PM:06:31:20/10/2025 ‌

رەنگە بەهۆی جەنجاڵی رۆژانەی ژیانی ئەو سەردەمە و زیادبوونی ئەركەكان و خەرجیی بژێویی رۆژانە وا بكات مرۆڤەكان بەدەست لەبیركردن و نەمانی تەركیز و شەكەتیی جەستەیی و دەروونی و شێوانی خەو و خۆراكیانەوە بناڵێنن، هاوكات نەخۆشییەكانی مرۆڤ تووشیان دەبێتەوە، رەنگە هەمان نیشانەیان هەبێت.

رەنگە سەرئێشەیەكی ئاسایی یان لەبیركردن و نەمانی تەركیز بەهۆی شەكەتی و ماندووبوونی رۆژانە و كەمخەوییەوە شتێكی ئاسایی بێت، بەڵام لە هەندێك حاڵەتی دەگمەن، هەر ئەوانە رەنگە نیشانەی بوونی گرێ بن لە مێشك، توێژینەوەیەكی نوێی ماڵپەڕی "ساینس ئالیرت"، باسی ئەزموونی چەند نەخۆشێكی تووشبووی گرێی مێشك دەكات، كە چەند نیشانەیەكیان هەبووە و ئەوانیش فەرامۆشیان كردووە، بەو هۆیەوە دەستنیشانكردنی حاڵەتەكەیان و چارەسەركردنیان زەحمەتتر بووە.

پزیشكان وریایی لە ئەگەری دواكەوتنی دەستنیشانكردنی گرێ دەدەن، بەوەی مامەڵەكردن لەگەڵی ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەتی كە نیشانەكانی لەگەڵ چەند حاڵەتێكی تر تێكەڵ دەبێت، وەك سەرئێشەی بەردەوام و درێژخایەن و رارایی و هەوكردنی كەڵێنەكانی لووت، لە خوارەوە باسی حەوت نیشانە كراوە لای نەخۆشانی گرێی مێشك دەركەوتووە: 

*زەحمەتیی دۆزینەوەی وشە لە كاتی قسەكردن، واتە دركاندنی چەند وشەیەك و دروستكردنی رستە لە كاتی قسەكردن.

*ئاڵۆزیی مێشك و لاوازیی تەركیز و سستی بیركردنەوە و لەبیركردنی بێ هۆكار. 

*مێروولەكردن و سڕبوونی لایەكی لەش، واتە لایەكی دەموچاو و زمان و پەلەكان، بەهۆی گوشاری گرێكە لەسەر ئەو ناوچەی بەرپرسە لەو بەشانە.

*شێوانی بینین، واتە جووتبینی و شێوانی تەنەكان لەبەر چاو، رەنگە ئاماژە بێت بۆ گرێ كە گوشاری خستووەتە سەر ناوچەی تایبەت بە بینین لە مێشك، بەتایبەتی ئەگەر سەرئێشە و سەرسووڕان و لاوازیی لایەكی جەستەی لەگەڵ بێت. 

*نەمانی هاوسەنگی و هاوئاهەنگیی لە جووڵەی دەست و چاوەكان، نووسینی ناڕێك دەبێت و ناخوێندرێتەوە، كە پێشتر وا نەبووە.

*گۆڕانكاری لە ئاكار و هەڵسوكەوت و میزاج، واتە كەسایەتی دەگۆڕێت و هەڵدەچێت و بەرانبەر بە ژیان و بابەتەكان بێباك دەبێت.

*سەرئێشەیەكی جیاواز، واتە زیاتر لە ئاسایی و توندتر و زیاتر و چارەسەرنەبوونی بە دەرمان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل