بۆ تەندروستییەكی باشتر.. لە دوای تەمەنی 40 ساڵی پێویستیتان بە چوار پشكنین دەبێت

:: AM:11:57:21/10/2025 ‌
پزیشكانی گشتی ئاماژە بەوە دەدەن كە كاتێك تەمەنی مرۆڤ 40 ساڵی تێپەڕ كرد، لەڕووی فسیۆلۆجییەوە گۆڕانكارییەك بەسەر جەستەیدا دێت، ئەویش پێوەستە بە تەندروستیی گشتییەوە، بۆیە ئامۆژگاری دەكەن كە لە دوای گەیشتن بەو تەمەنە، چوار پشكنین هەن گرنگە ئەنجامی بدەن بۆ تەندروستییەكی باشتر. 

پێگەی "عەرەبیە" هەواڵەكەی لە "دێڵی مێل" وەرگرتووە كە پزیشكان قسەیان بۆ كردووە، باس لە تەمەنی مرۆڤ دەكەن كاتێك دەگاتە 40 ساڵ و لە دوای ئەو تەمەنە، زۆر گرنگە چوار پشكنین بۆ تەندروستییەكی باشتر ئەنجام بدەن، ئەوانیش پشكنینەكانی چەوری و كۆلیسترۆڵ، تەندروستیی گورچیلەكان، شەكر لە خوێن و پشكنینی پاڵەپەستۆی خوێن.

باس لەوە دەكەن كە لە دوای تەمەنی 40 ساڵی، پشكنینی چەوری و كۆلیسترۆڵ زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵی خراپ و باش (HDL) و (LDL) بزانرێت، هەروەها چەوری لە خوێن، كاریگەریی لەسەر دڵ و مێشك دەبێت و زۆرجاریش دەبێتە هۆی جەڵتە، بۆیە پزیشكان ئامۆژگاری دەكەن بەوەی گرنگە هاوسەنگی لە نێوان هەردوو كۆلیسترۆڵ رابگیرێت.

پشكنینێكی تر بۆ گورچیلەیە، چونكە ئەركی گورچیلە پاككردنەوەی خوێنە لە مادە ژەهراوییەكان و راگرتنی هاوسەنگیی نێوان خوێ و شلەمەنییەكان، ئەگەر وریای ئەو بوارە نەبن، كێشە بۆ گورچیلە دروست دەبێت و دواتریش گورچیلە ناتوانێ ئەركی خۆی بەباشی ئەنجام بدات، بەهۆیەوە چەندان نەخۆشی روو لە مرۆڤ دەكەن.

پشكنینی شەكر لە خوێن زۆر گرنگە، چونكە ئەگەری زۆرە مرۆڤ لە دوای تەمەنی 40 ساڵی، تووشی شەكرەی خوێن بێت، لە پشكنیندا دەردەكەوێت جەستە تا چەند دەتوانێ ئەنسۆلین بەباشی وەربگرێت، دواتریش بە تووشبوون بەو نەخۆشییە، كاریگەرییەكانی لەسەر مێشك و چاو و گورچیلە دەبێت.

دواتریش ئاماژە بە گرنگیی پشكنینی پاڵەپەستۆی خوێن كراوە كە زۆرجار مرۆڤ لە دوای تەمەنی 40 ساڵیدا تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت كە هەندێك جار خۆیشی هەستی پێ ناكات، بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن، مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی مێشك دەكات، بۆ ئەوەیش پێویستە بە وەرزش پاڵەپەستۆكە دابگرن، هاوكات كەمكردنەوەی خوێ و كافاین و دابەزینی كێش.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د