مێشكی پیاو زووتر دووچاری چوونەوەیەك و بچووكبوونەوە دەبێت

:: PM:09:01:21/10/2025 ‌

رەنگە زۆرێك تێبینیی ئەوەیان كردبێت كە چوونە ناو تەمەن لە ژن و پیاو جیاوازە، توێژینەوەیەكی نوێی زانستی باسی ئەوە دەكات كە لە كاتی چوونە ناو تەمەنەوە مێشكی پیاو زووتر لە مێشكی ژن دەپووكێتەوە و دەچێتەوە یەك.

تیمێك لە زانایانی نێودەوڵەتی لە زانكۆی ئۆسلۆ لە نەرویج شیكردنەوەیان بۆ زیاتر لە 12 هەزار وێنەی تیشكیی (ئێم ئار ئای)، كرد كە لە 4.726 كەس وەرگیرا بوو تەمەنیان لە نێوان 17 بۆ 95 ساڵ بوو، ئەوان كێشەی مێشكیان نەبوو، دوای پێداچوونەوە بە وێنەكان و ئەوانەشی دوای سێ ساڵ بۆیان گیرا بوون، دەركەوت كە لە پیاوان گۆڕانكاریی زیاتر لە مێشك رووی داوە، واتە بچووكبوونەوە هەبووە، بەتایبەتی توێكڵی مێشك كە بەرپرسە لە یادەوەری و بڕیاردان و تێگەیشتن، هەرچی لای ژنانە مێشكی ئەوان كەمتر و هێواشتر گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و ئەستووریی توێكڵی مێشكیان بە تێپەڕ بوونی كات جێگیرتر ماوەتەوە. 

د. ئان رافندال زانای دەمارزانی و بەشدار لە توێژینەوەكە ئاماژەی كرد كە ئەنجامەكان یەكەم بەڵگەی رێكخراون بەوەی پیربوونی مێشك لە ژن و پیاو بە دوو رێگەی جیاواز تێپەڕ دەبێت، رەنگە ئەوەش هۆكاری ئەوە بێت كە هەندێك جیاوازی لە نەخۆشییەكانی پێوەست بە دەمارەكان دوای چوونە ناو تەمەنەوە هەبێت.   

بەپێی زانیارییە تەندروستییەكان ژنان وەك تێكڕا دووهێندی پیاوان تووشی ئەلزەهایمەر دەبن، لەوبارەوە توێژینەوەكە دەڵێت، رەنگە ئەوەیان بەهۆی بچووكبوونەوە و چوونەوەیەكی زووتری مێشكەوە نەبێت، بەڵكو هۆكاری تر هەن، وەك هۆرمۆنەكان و درێژیی تەمەن و دواكەوتنی دەركەوتنی نیشانەكانی پیریی مێشك و دەمارەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل