ئەوانەی تووشی خەڵەفان دەبن چەند دەژین؟

:: PM:06:24:22/10/2025 ‌

چەند حاڵەتێك لە مرۆڤ هەن، وەك نەخۆشی یان شێوان و كێشەی دەمارەكان، دەبنە كێشەیەكی درێژخایەن بۆ كەسەكە و خێزان و دەوروبەریشی، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، ئاخۆ ئەوانە ئەگەر چاكبوونەوەیان نەبێت، چەند دەژین؟، یەكێك لەو كێشانە خەڵەفانە، توێژینەوەیەكی نوێ وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.

توێژینەوەیەكی نوێی زانستی توانی ناوەندی ئەو ماوەیە دیاری بكات كە كەسی تووشبوو بە خەڵەفان دوای تووشبوونی لە ژیاندا دەمێنێتەوە، وەك لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانیدا هاتووە، چەند هۆكارێك هەن كار لە دیاریكردنی ناوەندی تەمەنی پێشبینیكراو لە دوای تووشبوون بە خەڵەفان دیاری دەكەن، لەوانە تەمەنی كەسەكە رۆڵی سەرەكی هەیە.

توێژینەوەكە روونی كردەوە، تێكڕای ئەو ماوەی تووشبووی خەڵەفان بە زیندوویی دەمێنێتەوە، لە نێوان دوو بۆ نۆ ساڵە، ئەوە وەك ناوەند و لە دوای دەستنیشانكردنی تووشبوون، توێژەران تەواوی توێژینەوەكانی لەو بارەوە كراون لە 1984 بۆ 2024یان شی كردەوە، دەركەوت ناوەندی مانەوەی تووشبوو لە ژیان بە پلەی یەك دەوەستێتە سەر تەمەنی ئەو كەسە.

دەركەوت كە ئەو پیاوانەی لە تەمەنی 65 ساڵی تووشبوونیان دەستنیشان كراوە 5.7 ساڵ دەژین، ئەوانەشی لە تەمەنی 85 ساڵ دەستنیشان كراون ماوەی 2.2 ساڵ دەژین، ژنانی تەمەن 65 ساڵ 8.9 ساڵ و ئەوانەشی تەمەنیان 85 ساڵە 4.5 ساڵ دەژین، دەریش كەوتووە دوای دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە تێكڕای مانەوەی ژنان كورتترە، چونكە ئەوان درەنگتر حاڵەتەكەیان دەستنیشان دەكرێت.

هەروەها ئاماژە كراوە تووشبووان بە ئەلزەهایمەر 1.4 ساڵ زیاتر لە تووشبووانی جۆرەكانیتری خەڵەفان دەژین، ئەوانەی خەڵكی ئاسیان زیاتر بە 1.4 ساڵ دەژین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل