پێوەندیی نێوان زیادبوونی كۆلیسترۆل و یادەوەری چییە؟

:: PM:07:01:23/10/2025 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرای كرد كە كەمبوونەوەی رێژەی كۆلیسترۆل لە خوێن تەنیا بۆ تەندروستی دڵ باش نییە، بەڵكو دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان لەگەڵ چوونە ناو تەمەندا، ئەوەش دەری دەخات كە پێوەندییەكی نهێنی لە نێوان كۆلیسترۆل و یادەوەریی مرۆڤ هەیە.

لە شیكردنەوەی زانیارییەكانی ملیۆنێك بەشداری توێژینەوەكان، دەركەوت كە دەرمانی بەكار هاتوو بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆل وەك (Statins) و (Ezetimibe)، سوودی زیاتریان بۆ مێشك و فەرمانەكانی هەیە، توێژەران ئاماژە دەكەن كە ئەنجامە نوێكان بەڵگەی بەهێزن لەسەر بوونی پێوەندییەكی راستەوخۆ لە نێوان كۆلیسترۆل و فەرمانەكانی مێشك، ئاماژەیان كرد كە كۆنترۆڵكردنی رێژەی كۆلیسترۆل لە تەمەنێكی زوو، مەترسیی تووشبوون لە داهاتوو بە خەڵەفان كەم دەكاتەوە.   

شیكردنەوەكە دەری خست كە ئەو كەسانەی جینی پێوەندیداریان بە كەمبوونەوەی كۆلیسترۆل هەیە، مەترسیی كەمتری خەڵەفانیان لەسەرە، واتە ئەو هۆكارانەی كاریگەرن لەسەر كۆلیسترۆل بۆ سەر تەندروستیی مێشكیش كاریگەرن، لیف تیبییرگ نوردستگارد توێژەر دەڵێت، ئەنجامەكان دەریان خست كە ئەو كەسانەی گۆڕانكاریی جینیان هەیە كە دەبنە هۆی دابەزینی كۆالیسترۆل، كەمبوونەوەیەكی دیاریان لە مەترسیی تووشبوون بە خەڵەفان هەیە، ئەوەش دەرگەیەك دەكاتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ خەڵەفان لە رێگەی دەرمانی دابەزینی كۆلیسترۆلەوە. 

توێژەران ئاماژە دەكەن كە رەنگە رەقبوونی خوێنبەرەكان بەهۆی كەڵەكەبوونی چەوری و كۆلیسترۆل بە دیواری ناوەوەی لوولەكانی خوێن، هۆكارێكی سەرەكی بێت بۆ تێكچوون و لەناوچوونی مێشك، كاتێك كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بە مێشك مەترسیی تووشبوون چەند جۆرێكی خەڵەفان زیاتر دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل