بە کەوچکێک زەیتی زەیتوون لەسەر گەدەی بەتاڵ.. چارەسەرێکی خێرا بۆ قەبزی

:: AM:11:25:24/10/2025 ‌
زەیتی زەیتوون یەکێکە لەو چارەسەرە سروشتییانەی کە هەمیشە بۆ کەمکردنەوەی قەبزی بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بەهۆی توانای لەسەر نەرمکردنی کۆئەندامی هەرس و ئاسانکردنی دەرچوونی پاشەڕۆکان. پسپۆڕان ئامۆژگاری دەدەن کە سەرەتا بە یەک کەوچکی چا دەست پێ بکرێت بۆ زانینی کاریگەرییەکەی لەسەر جەستە، پێش ئەوەی بڕەکەی زیاد بکرێت.

زەیتی زەیتوون جووڵەی ڕیخۆڵەکان چالاک دەکات لەرێگەی چەورکردن و نەرمکردنی ناوپۆشی کۆئەندامی هەرس، کە ئەمەش وادەکات دەرچوونی پاشەڕۆی ڕەق ئاسانتر بێت.

توێژینەوەکان کە لەسەر ئاژەڵان کراون، دەریانخستووە کە ترشی ئۆلیک (یەکێک لە ترشە چەورییەکانی ناو زەیتی زەیتوون) دەتوانێت فرمانی بەربەستی ڕیخۆڵەکان بەهێزتر بکات، ئەمەش لەرێگەی زیادکردنی ئاستی بەکتریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە، بەتایبەتی (بیفیدۆباکتریا). ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی پرۆسەی هەرس بەشێوەیەکی درێژخایەن و ڕێگریکردن لە قەبزی.

بەپێی توێژینەوەکان، هیچ بڕێکی دیاریکراو و بە فەرمی پەسەندکراو نییە بۆ بەکارهێنانی زەیتی زەیتوون وەک چارەسەر، بەڵام باشترین ئەنجام کاتێک بەدەست دێت کە لەسەر گەدەی بەتاڵ بخورێت.

زۆربەی خەڵک دەتوانن هەست بە باشتربوون بکەن کاتێک بەیانیان یەک کەوچکی چێشت دەخۆن. هەرچەندە زەیتی زەیتوون بۆ زۆربەی کەسانی پێگەیشتووی تەندروست سەلامەتە، بەڵام چەند گروپێک هەن کە پێویستە خۆیانی لێ بەدووربگرن، لەوانەش:

شیرەخۆرە و منداڵە بچووکەکان، چونکە هێشتا توانای پێویستی قووتدانی شلە خەستەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت پەرەی نەسەندووە.

ئەو کەسانەی کە داوایان لێکراوە خواردنی چەوری (تەنانەت چەورییە تەندروستەکانیش) کەم بکەنەوە، تەنیا مەگەر دوای ڕاوێژی پزیشک نەبێت.

ئەو کەسانەی کە هەستیارییان بە زەیتوون یان یەکێک لە پێکهاتەکانی زەیتی زەیتوون هەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود