نەخۆشیی شەكرە یەكێكە بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و پێویستە مرۆڤ لە رێگەی دەرمان و سیستمی خۆراك و شێوازی ژیانەوە كۆنترۆڵی بكات، چونكە ئەگەر بەسەریدا زاڵ نەبێت كاریگەرییە مەترسیدارەكانی بەسەر دەردەكەوێت، لەوانەش لەسەر تەندروستیی جگەر وەك راپۆرتێك باسی دەكات.
نەخۆشیی شەكرە و كێشەكانی جگەر پێوەندییەكی بەهێزیان هەیە، دەكرێ هەریەكەیان ببێتە هۆی پەرەسەندنی ئەویتریان، ئەوەش كێشەی جگەر زیاتر دەكات وەك بەریشاڵبوونی جگەر و پەككەوتن و لەكاركەوتنی و شێرپەنجەی جگەر، وەك ماڵپەڕی "ڤێری وسیل هیڵس"، باسی دەكات.
روونی كردەوە، ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵی نەخۆشیی شەكرە نەكرێت، بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی مادەی زیانبەخش كە بە "رەگە ئازادەكان" ناسراون، ئەوانە بە تێپەڕبوونی كات دەبنە هۆی لەناوچوونی خانەكانی جگەر، كە بە قۆناغی چەوری جگەر پێوەست بە كێشە لە میتابۆلیسم دەست پێ دەكات، ئەوكاتەی چەوری لە جگەر كەڵەكە دەبێت بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەك دروست بكات.
رەنگە حاڵەتەكە لە چەوری جگەر بۆ هەوكردنی چەوریی جگەر پەرە بستێنێت و بە بەردەوامبوونی هەوكردنەكە دەبێتە بەریشاڵبوونی جگەر كە فەرمانەكانی جگەر لاواز دەكات و لە حاڵەتە پێشكەوتووەكان دەبێتە هۆی لەكاركەوتن و پەككەوتن یان شێرپەنجەی جگەر، كە زیاتر لە نێوان نەخۆشانی شەكرە بڵاوە.
هاوكات كێشەی جگەر ئەویش دەبێتە رێگەیەك بۆ تووشبوون بە دووەم جۆری نەخۆشیی شەكرە، كاتێك خانەكانی جگەر تووشی بەریشاڵبوون دەبن، كەمتر وەڵامی هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەدەنەوە، ئەو حاڵەتەش پێی دەگوترێت بەرگری بۆ ئەنسۆلین، ئەنجامەكەشی لەش ناتوانێت گلوكۆزی پێویست هەڵبمژێت و پەنكریاس ئەنسۆلینی زیاتر بەرهەم دێنێت، بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی شەكەتیی خانەكانی پەنكریاس و بەرزبوونی رێژەی شەكر لە خوێن.