حەسانەوە و خامۆشیی زۆر تووشی نەخۆشی شەكرە و كێشەی دڵت دەكەن

:: PM:06:57:26/10/2025 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات بەسەربردنی پێنج رۆژ لە دۆخێكی حەسانەوە و ئیسراحەتی تەواوەتی بێ جووڵانەوە و ئەرككێشان، گۆڕانكاریی مەترسیدار لە لەش دروست دەكات، رەنگە تووشی نەخۆشی شەكرە یان رەقبوونی خوێنبەرەكانت بكات، تەنانەت لای كەسانی تەندروستیش كە ئەو نەخۆشانەیان نییە. 

رەنگە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە لای زۆرێك ناسراو بن، لەوانە بۆماوەیی یان ئامادەیی بۆماوەیی یان بە هۆكاری خۆراك و نەخۆشی تر و هیتریش، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ كە لەسەر 20 كەسی خۆبەخشی تەندروست ئەنجام دراوە، 14 پیاو و شەش ژن، گەیشتە ئەو ئەنجامەی مانەوە لە ناو جێگە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرگریی بۆ ئەنسۆلین، واتە لەش ناتوانێت سوود لە ئەنسۆلین بۆ رێكخستنی شەكرەی خوێن وەربگرێت، واتە خامۆشیی جەستەیی، بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، هۆكارە بۆ تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە. 

توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەوانە هاوكات تووشی بەرزیی ئاستی كۆلیسترۆل و چەورییە سیانییەكان لە خوێن دەبن، جیا لە كەمبوونەوەی توانای لوولە وردەكانی خوێن كە بەرپرسن لە گەیاندنی خوێن بۆ شانەكانی لەش، ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و رەقبوونی خوێنبەرەكان زیاتر دەكات، جیا لەوانە دەركەوتووە دوای حەسانەوەی زۆر و مانەوە بە خامۆشی پەستانی خوێن بەرز بووەتەوە و چێوەی خوێنبەری سەرەكیی باسك كەم بووەتەوە، واتە جیڕیان كەم دەبێتەوە.   

د. نەدا حامد راوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو دەڵێت، دەركەوت كە ئاكارە هەڵەكانی رۆژانە، مرۆڤ تووشی چەندان نەخۆشی دەكەن نەك تەنیا شەكرە و دڵ و رەقبوونی خوێنبەرەكان، كاتێك خامۆشی دەبێتە هۆی لاوازبوونی فەرمانەكانی لەش، بۆیە پێویستە مرۆڤ چالاك بێت و وەرزش بكات، تەنانەت رۆیشتن ئەگەر بتوانێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل