بۆچی هەندێك كەس حەزی خواردنیان نامێنێت؟

:: PM:07:58:27/10/2025 ‌

خواردن سەرچاوەی ئەو وزەیەیە كە مرۆڤ بۆ بەجێگەیاندنی زیندەچالاكییەكانی لەش و فەرمانەكانی پێویستی پێیەتی، جیا لەوە تام چێژێكی خۆشی هەیە، كە لەشی مرۆڤ پێویستی بە وزەیە هەست بە برسیەتی دەكات بۆ ئەوی ئەو كەسە پەنا بۆ خواردن ببات، بەڵام بۆچی هەندێك كەس ئارەزووی خواردنیان نامێنێت؟ 

بەشێكی مێشكی مرۆڤ رۆڵی سەرەكی لە كۆنترۆڵكردنی برسیەتی و تێربوون هەیە، كە مرۆڤ ماوەیەك خواردن ناخوات، لەش لە رێگەی دەمار و هۆرمۆنەكان ئاماژە بۆ مێشك رەوانە دەكات، گەدەی مرۆڤ دێتەوە یەك و هۆرمۆنی گریلین، واتە هۆرمۆنی برسیەتی دەردەدات، ئاستی گلوكۆز و ئەنسۆلین لە خوێن كەم دەبنەوە، ئاماژەكان بۆ مێشك دەچن وا دەكەن ئەو كەسە بەدوای خۆراكدا بگەڕێت و ئارەزووی بۆ خواردن زیاتر دەبێت، ئەوكات گەدە قۆڕەی دێت و ئەو كەسە تووشی شەكەتی و هەڵچوون و نەمانی تەركیز و خەواڵوویی و داهێزران و سەرمایی دەبێت. 

لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، چوونە ناو تەمەن بەهۆی گۆڕانكاریی هۆرمۆنی و لاوازیی هەستیارەكانی چەشتن و بۆنكردن و زەحمەتی خواردن، شێرپەنجە و ئەوانەی چارەسەری كیمیایی وەردەگرن، نەخۆشییە درێژخاینەكان وەك گورچیلە و جگەر و سییەكان، تەمبەڵیی رژێنی دەرەقی، كە رۆڵی لە میتابۆلیسم و هەرسی خۆراك و بەكارهێنانی وزە هەیە، هەوكردن و نەخۆشییەكان، دووگیانی، هەندێك جۆر دەرمان و شێوانی خۆراك و رارایی و خەمۆكی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل