توێژینەوەیەك كە لە بەریتانیا ئەنجام دراوە و ئەنجامەكەی بەوە گەیشتووە، ئەوانەی لە دوو ساڵی یەكەمی ژیانیاندا كەمترین شەكریان بەكار هێناوە، لە درێژمەودادا تا دەگاتە قۆناغی هەرزەكاری و گەورەتر، تووشی نەخۆشییەكانی دڵ نابن.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، هەواڵەكەی لە ئاژانسی بەریتانی "بی ئەی میدیا" وەرگرتووە كە توێژینەوەكە لەو ئاژانسە بڵاو كراوەتەوە، توێژەران بەوە گەیشتوون كە ئەوانەی لە دوو ساڵی یەكەمی ژیانیاندا تووشی نەخۆشییەكانی تەنگژەی دڵ و وەستانی مێشك نەبوونە، ئەوانەن كە لەو دوو ساڵی یەكەمی ژیانیان، كەمترین شەكریان خواردووە، یان دایكەكانیان لە كاتی دووگانیدا، كەمترین شەكریان بەكار هێناوە.
تیمی توێژەران، 63 هەزار و 433 كەسیان بۆ توێژینەوەكەیان وەرگرتووە كە لەدایكبووی 1951 تا 1956 بوون، دوای بەداواداچوون بە مێژووی تەندروستییان بەتایبەتی لە بواری دڵ، زۆربەیان لە منداڵیدا شەكریان بەكار نەهێناوە كە كەمترین شەكریان خواردووە، دوور بوونە لە نەخۆشییەكانی دڵ و تەنگژەی دڵ، هەروەها وەستانی مێشك، لە كاتێكدا بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە ساڵانە ملیۆنان كەس گیان لە دەست دەدەن.
دواتریش پێگەكە بەپێی زانیاریی پسپۆرانی بواری دڵ و نەخۆشییەكانی، ئاماژەی بەوە داوە كە شەكر بۆ جەستەی مرۆڤ جۆرێكە لە ژەهر و لە دوورمەودادا بەهۆیەوە مرۆڤ تووشی چەندان نەخۆشی دەبێت، بۆیە دووركەوتنەوە لە شەكر، تەندروستییەكی باشتر بە مرۆڤ دەدات.