بۆچی هەندێك كەس زیاتر نەخۆش دەكەون؟

:: PM:07:15:28/10/2025 ‌

ئێستە خەریكە دۆخەكە بۆ كەشێكی سارد و باراناوی دەگۆڕێت و زۆر كەس نەخۆشە، بەتایبەتی لە وەرزی زستان تووشبوون بە سەرمایی و ئینفلەوەنزا زۆر دەبێت، كەچی كەسانێك زیاتر تووشی ئەو نەخۆشییانە دەبنەوە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما هێرشی ڤایرۆس و هۆكارەكانی نەخۆشی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی بۆ سەر كۆئەندامی هەناسە، رەنگە ئەو حاڵەتە بەوە لێك بدرێتەوە كە پێوەندیی بە لاوازیی سیستمی بەرگریی لەشی مرۆڤەوە هەبێت، د. دین بلومبێرگ پسپۆڕی نەخۆشییە پەتاییەكان لە منداڵ دەڵێت، هۆكاری سەرەكی بۆ دووبارەبوونەوەی تووشبوون بەركەوتنی بەردەوامی هۆكاری نەخۆشییەكانە، بۆ نموونە ئەو كەسانەی لە شوێنی قەرەباڵغ كار دەكەین یان دەژین یان بەركەوتەی كەسانی نەخۆشن، زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن.  

د. تیم هندریكسن پزیشك ئاماژە دەكات كە ئەو بابەتە ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە خۆیان سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە، وەك نەخۆشانی شێرپەنجە و ئەوانەی دەرمانی پەكخەری سیستمی بەرگری لەش دەخۆن، كە ئەوانە بە شێوەیەكی گشتی زیاتر نەخۆش دەكەون، بەڵام سەبارەت بە زۆرینەی خەڵك بابەتەكە پێوەندیی بە بەركەوتنی نزیك و بەردەوامی هۆكاری نەخۆشی هەیە.   

بلومبێرگ ئاماژە دەكات، منداڵان یاساكانی پاكوخاوێنی نازانن و بە ئاسانی پەتاكان بۆ دەوروبەریان دەگوازنەوە، وەك پژمین و كۆكە و یاریكردن لەگەڵ ئەوانیتر، كەچی لە كەسانی پێگەیشتوو باشترە، بۆیە شوشتنی دەست و بەكارهێنانی پاككەرەوەكان و خۆپاراستن رێگرن لەبەردەم تووشبوون بە نەخۆشییەكان.

هندریكس پێی وایە سیستمێكی بەهێزی بەرگریی لەش باشترین چەكە بە دەستی مرۆڤ بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان، نوستنی باش و سیستمی هاوسەنگ و تەندروستی خۆراك و خۆشەكەتنەكردن، ئەوانەش یارمەتی بەهێزبوونی سیستمی بەرگریی لەش دەدەن، بە گشتی ناتوانین خۆمان لە تووشبوون بە سەرمابردوویی بەدوور بگرین، بەڵام دەتوانین گرنگی بە جەستە و پاكوخاوێنی كەسی بدەین، كە تا ئاستێكی زۆر مەترسیی تووشبوون كەم دەكەنەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل