هەموو كەسێك تووشی نەخۆشی دەبێت، نەخۆشی كاتی و ئاسایی و درێژخایەن، رەنگە تێبینیی ئەوە كرابێت لە سەرەتا و گەرمەی نەخۆشییەكە، جیا لە تێكچوونی خەو، خەونی سەیر و بێزاركەر دەبینرێت، كە بە خەونی تا دەناسرێت، لە پاڵ نیشانەكانی تری وەك ئازار و تا، ئەوەی گرنگە رەنگە خەونەكان ئەوەندە بێزاركەر بن ئەو كەسە بە بەردەوام خەبەری دەبێتەوە و رەنگە هەمان خەون دووبارە ببێتەوە.
شارەزایان پێیان وایە هۆكاری ئەو حاڵەتە كاریگەریی نەخۆشیەكەیە بۆ سەر جەستە و مێشك، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی مێشك و گۆڕانی چالاكییەكانی كە شێوانی خەو دروست دەكەن، خۆی خەون لە قۆناغی جووڵەی خێرای چاوەكان لە كاتی نوستن دروست دەبێت، بەڵام لە كاتی تادا چالاكتر دەبێت و توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە 94%ی بەشداران خەونی تایان بە ناخۆش و نەرێنی وەسف كردووە.
لە رووی زانستییەوە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و مێشك تا ئاستی دوو پلەی فەهرەنهایتی، كار لە مێشك دەكات، لە یادەوەری و سۆزداری و هاندان و كاردانەوەی هەستەكان، ئەوانەش خەونی سەیر و شێواو و بێ مانا دروست دەكەن، جیا لە هەڵچوونی كاتی و ورێنەی كورتخایەن، لە خەونەكان شتەكان دەشێوێن و بوونەوەری سەیر دەردەكەون وەك مێرووی قەبارە گەورە یان تارمایی جووڵاوە.
بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی ئەو خەونانە، پێویستە گرنگی بە شێدارهێشتنەوەی لەش بدرێت، خواردنی خۆراكی باش و فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆ خەوتن، بەكارهێنانی ئامرازەكانی حەسانەوە وەك هەناسەوەرگرتنی قووڵ و تێڕامان، دەتوانرێت دەرمانی دابەزینی تا وەربگیرێت، بە گشتی ئەو خەونە ناخۆشانە وەڵامدانەوەیەكی سروشتیی مێشكن بۆ نەخۆشییەكان بەهۆی شێوانی خەو، زۆر جار لەگەڵ چاكبوونەوەی ئەو كەسە و نەمانی تاكە نامێنن.