بۆچی Bubble tea مەترسیدارە؟

:: PM:06:48:29/10/2025 ‌

"بەبل تی"، یان چای بڵقدار، جۆرە خواردنەوەیەكە و ئێستە خواردنەوەی لە ناو گەنجان لە دنیا زۆر بڵاوە، كاتێك گەنج و مێردمنداڵان بە بڵقە لاستیكییەكان و رەنگە زەق و تامە جۆراوجۆرەكەی رادەكێشێت، وای لێ هاتووە لە شەقامەكان بخورێتەوە و بێتە فرۆشتن بە هاوشێوەی قاوە، بەڵام شارەزایان وریایی لەبارەیەوە دەدەن. 

توێژینەوەیەكی نوێ وریایی لەبارەی ئەو خواردنەوە دەدات، كە لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو تایوان سەری هەڵداوە و لە چای رەش یان سەوز و شەكر و شیر و گۆیەكانی تابیۆكا پێك هاتووە، كە لە نیشاستەی رووەكی كەساڤا دروست كراوە، لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە ئاستی بەرزی مادەی رەساس لە پێكهاتەی ئەو چایە كە لە ئەمەریكا دێتە فرۆشتن، رووناكی خستووەتە سەر مەترسییەكانی ئەو خواردنەوەی لە ناو گەنجان زۆر بڵاو بووەتەوە. 

توێژەران دەڵێن رووەكی كەساڤا كە دەچێتە پێكهاتنی چایەكە، كانزا قورسەكان لە خاك هەڵدەمژێت، وەك رەساس و كانزای تری ژەهراوی، ئەوەش وا دەكات ئەوانە بچنە ناو لەشی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات لەوێ كەڵەكە ببن، هەر ئەوەندە نا، بەڵكو كاریگەریی زیانبەخشی تریان لە ژەهراویبوون بەو كانزایانە هەیە، لەوانە پەككەوتنی گەدە و داخرانی كۆئەندامی هەرس و هیڵنج و رشانەوە و ئازاری سك و دروستبوونی بەردی گورچیلە ئەگەر زۆر بخورێتەوە.

ئەوە جیا لە مەترسیی خنكانی منداڵ بەهۆی ئەو گۆیانە و ئەو بڕە زۆرەی شەكر كە خواردنەوەكە هەیە، كە لەوەی قوتوویەك كۆكاكۆلا زیاترە، بۆیە بۆ كلۆربوونی ددان و قەڵەوی و تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشیی شەكرە و دروستبوونی چەوری جگەر خراپە، هەروەها رێژەی رارایی و خەمۆكی زیاد دەكات، بۆیە پێویستە كەم بخورێتەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل