كەمیی ڤیتامین دی مرۆڤ تووشی چەند كێشەیەك دەكات، لەوانە هەستكردن بە شەكەتی و گۆڕانی میزاج و تەندروستی ئێسك و سیستمی بەرگریی لەش و هۆرمۆنەكانیش، جیاوازییەك لە كاریگەریی كەمیی ئەو ڤیتامینە لە پیاو و ژن هەیە، جیا لەوەی ژن كەمتر خۆیان دەدەنە بەر تیشكی خۆر، توێژینەوەیەك هۆكارێكی تری ئەو حاڵەتە ئاشكرا دەكات.
توێژینەوەیەكی نوێی هیندستانی باسی تێكەڵێك لە هۆكاری بایۆلۆجی و شێوازی ژیان بۆ ئەو جیاوازییە دەكات، بەوەی كەمیی ڤیتامین دی زیاتر كار لە مێیینە دەكات و دەڵێت، بە شێوەیەكی ئاسایی ژنان بڕێكی زیاتری چەوریان لە لەشدا هەیە، كێشەكە ئەوەیە ڤیتامین دی لە چەوری دەتوێتەوە، واتە لە بری سووڕانەوە لە خوێن بۆ بەكارهێنانی لە لایەن لەشەوە، لە شانە چەورەكان ئەمبار دەكرێت.
بۆیە ئەگەر ژنان خۆشیان بدەنە بەر تیشكی خۆر یان خۆراكی دەوڵەمەند بەو ڤیتامینە و تەواوكارەكەی بخۆن، بەشێكی زۆری لە شانە چەورییەكانی لەشیان ئەمبار دەكرێت، كە وەك گوترا لەشی ئەوان چەوری زیاتری تیادایە، هەرچی لە پیاوە لەشیان كەمتر چەوری تیادایە و كەمتر ئەمبار دەكرێت و زیاتر بەكاری دێنن، لەوكاتەی ژنان پێویستیان بە وەرگرتنی بڕێكی زیاترە لە خۆراك و تەواوكەری خۆراك و چوونە بەر تیشكی خۆر بۆ یەكسانبوون لەگەڵ پیاو.
بۆیە بەهۆی كەمیی ڤیتامینەكەوە و بە تێپەڕبوونی كات، ژنان زیاتر تووشی كێشەكانی شەكەتی و لاوازیی ئێسك و درەنگ سارێژبوونی برین و گۆڕانكاریی هۆرمۆنی دەبنەوە، بۆیە كێشەكە لەو چەورییە زۆرەیە لە لەشی ژن هەیە كە ڤیتامینەكە زیاتر ئەمبار دەكەن.