گومان لەوە نییە كە مۆز وەك میوەیەك سوودی تەندروستیی زۆرە، بەتایبەتی بۆ وزەی باشتر، خۆ ئەگەر رۆژانە یەك مۆز بخۆن و بەتایبەتی لە دوای راهێنانی وەرزشی، وزەی زیاتر بە جەستە دەگەیەنێت. بەشی تەندروستیی پێگەیەك سوودێكی نوێ تری مۆز ئاشكرا دەكات ئەگەر رۆژانە دوو مۆز بخۆن.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو یەكی تشرینی دووەم، هەواڵەكەی لە بەشی تەندروسشتیی پێگەی ئەلیكترۆنیی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە كە توێژینەوەیەكی نوێی لەبارەی سوودەكانی مۆز بڵاو كردووەتەوە، لەوێدا دكتۆر تارانگ كریشیا ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ئەگەر كەسێك رۆژانە دوو مۆز بخوات، لە برینی گەدە و تووشبوونی بە شێرپەنجەی گەدە رزگاری دەبێت.
دكتۆر كریشنا دەڵێت كە بەرگی ناوەوەی گەدە بەجۆرێك كار دەكات، دژە ترشەڵۆك و بەكتریا زیانبەخشەكانە، بەتایبەتی ئەو بەكتریایەی دەبێتە هۆی برینی زۆر بەئازاری گەدە كە H. pyloriی پێ دەگوترێت، ئەگەر لەو قۆناغە چارەسەری ئەو برینەی گەدە نەكرێت، ئەگەری زۆرە بۆ شێرپەنجەی گەدە بێتە گۆڕین.
ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت كە مۆز بە فلافونۆیدات و دژەئۆكسید دەوڵەمەندە، ئەو مادانە لەناو جەستە و گەدەدا دژی دروستبوونی زۆر نەخۆشین، هاوكات دژی هەر هەوكردنێكن بەتایبەتی بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان.
دواتریش ئەو پزیشكە دەڵێت كە رۆژانە دوو مۆز بخۆن، پارێزگاری لە ئەركی هەرس دەكات، چونكە مۆز ریشاڵی بریبیوتیك لەخۆ دەگرێت و بەهۆیەوە بەكتریای سوودبەخش لە ریخۆڵەدا گەشە دەكات، ئەوەیش بۆ ئەركی هەرس زۆر بەسوودە. هەروەها ئەو شیرینییەی لە مۆزدا هەیە، زۆر جیاوازە لە شیرینییە سروشتییەكانی میوەكانی تر، شیرینیی مۆز كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا نابێت، بۆیە مۆز باشترین میوەیە كە سروشت بە مرۆڤی بەخشیوە.