ئۆتیزم شێوانێكی دەمارییە و كار لە پێوەندیكردن و بیركردنەوە و یادەوەری و پێوەندیی كۆمەڵایەتیی تووشبوو دەكات، هۆكار و چارەسەری بە تەواوەتی دیار نییە، توێژەران ئاشكرایان كرد كە یەكێك لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی تووشبوونی ژنی دووگیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، منداڵەكانیان مەترسیی تووشبوونیان بە ئۆتیزم زیاتر دەبێت.
تیمێكی توێژەران لە نەخۆشخانەی ماساچۆستس لە بۆستن داتای هەزاران لەدایكبوویان لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا شی كردەوە، بۆیان دەركەوت ئەو ژنانەی لە كاتی دووگیانیدا تووشی ڤایرۆسەكە بوونە، بەشێوەیەكی دیار منداڵەكانیان تووشی ئۆتیزم و كێشەی تری گەشەی مێشكیان بوونە.
د. ئەندریا ئیدلو مامۆستای پسپۆڕی پزیشكیی دایك و كۆرپەلە دەڵێت، كۆرۆنا وەك هەر پەتایەكی تر لە كاتی تووشبوونیان لە كاتی دووگیانی ژن، نەك تەنیا بۆ سەر دایكەكە، بەڵكو بۆ پەرەسەندنی مێشكی كۆرپەلەكەشی مەترسییە، بۆیە گرنگە لە كاتی دووگیانی هەوڵی رێگرتن لە تووشبوون بەو پەتایە بدرێت.
ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك پێشتر هەڕەشەیەكی گەورە نییە، بەڵام حاڵەتەكانی تووشبوون هەر ماوە، ئەگەرچی ئەو بابەتە، واتە بوونی پێوەندی لە نێوان كۆرۆنا و ئۆتیزم، پێویستیی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە، بەڵام ئەو تایەی كە تووشبووی ڤایرۆسەكە لەسەری بەدیار دەكەوێت، هۆكارێكی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە ئۆتیزم لە كاتی دووگیانیی دایك.