شارەزایانی تەندروستی ئاماژە دەكەن كە شێوانی رژێنی دەرەقی، هاری یان تەمبەڵی رژێنەكە، كاریگەریی مەترسیداری لەسەر تەندروستیی دڵ هەیە، چونكە هۆرمۆنەكانی ئەو رژێنە دەریان دەدات، كۆنترۆڵی تێكڕای میتابۆلیسم و فەرمانەكانی لەش دەكەن، لەوانە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن، لە هەندێك حاڵەتیش، شێوانی رژێنەكە كێشەكانی دڵ زیاتر دەكەن.
فەرمانی
رژێنی دەرەقی، بەرپرسە لە دەردانی ئەو هۆرمۆنانەی میتابۆلیسم لە لەش رێك دەخەن، راستەوخۆ كار لە خێرایی لێدانی دڵ و گرژبوونی لوولەكانی خوێن و ئاستی كۆلیسترۆڵ لە خوێن دەكەن، بۆیە هەر كێشەیەك لە دەردانی ئەو هۆرمۆنانە، واتە زیادی یان كەمییان، رەنگدانەوەی لەسەر كار و توانای دڵ لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانی دەبێت.
تەمبەڵیی رژێنەكە، واتە بەرهەمنەهێنانی هۆرمۆنی سایرۆكسینی پێویست، دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی تەواوی فەرمانەكانی لەش، لەوانە خاوبوونەوەی لێدانی دڵ بەهۆی كاریگەریی هۆرمۆنەكە لەسەر ماسولكەی دڵ، بەرزبوونەوەی بەرزەپەستانی خوێن بەهۆی رەقبوونی لوولەكانی خوێن، هەروەها لەكاركەوتنی ماسولكەی دڵ و زیادبوونی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش و تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان و ئاوسان و كۆبوونەوەی شلە لە لەش.
هەرچی هاریی رژێنەكەیە، واتە لە كاتی زیاد بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی سایرۆكسین، خێرابوونی لێدانی دڵ، دڵەكوتێ و ناڕێكیی لێدانی دڵ و كێشە لە سیستمی كارەبای دڵ، بەرزبوونەوەی بەرزەپەستانی خوێن، زیادبوونی مەترسیی سینگەكوژە و پەككەوتنی دڵ.