زۆر ئەستەمە مرۆڤ كاتێك دەچێتە ناو ساڵ و گەورە دەبێت، نەخۆشییەكان پەی پێ نەبەن، واتە هەندێك نەخۆشی ئاسانتر تووشی بەساڵاچووان دەبن. بەڵام توێژینەوە زانستی و پزیشكییەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە هەندێك خۆراك هەن، وا دەكەن قۆناغی پیری دوور بكەوێتەوە و كەسی بەساڵاچوو، ئاسانتر دەتوانێ كۆنترۆڵی نەخۆشییەكان بكات.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی تشرینی دووەم، لە پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا"ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بەسەرچوونی تەمەن و لە قۆناغی پیری بەبێ نەخۆشی دوور بكەوێتەوە، سێ سیستمی خۆراكی هەن ئەگەر پێوەیان پابەند بێت، گومان نییە كە قۆناغی پیری لێی دوور دەكەوێتەوە و نەخۆشییەكان بەئاسان پەی پێ نابەن، چونكە بە پابەندبوون بەو خۆراكانە، لە نەخۆشییەكانی دڵ و هەرس و مێشك و چەندان نەخۆشیی تر دوور دەكەونەوە.
لەبارەی سیستمە خۆراكییەكانیشەوە ئاماژە بە دانەوێڵە كراوە، ئەوەیش شۆفان و جۆ و برنجی زەردباو و نانی گەنمی تەواو دەگرێتەوە، چونكە ئەو دانەوێڵانە بە ریشاڵ دەوڵەمەندن، هاوكات رۆڵیان هەیە بەوەی مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمار دوورتر بكەوێتەوە. بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاری دەخەنەڕوو، لە بری برونجی سپی، باشترە برنجی زەردباو بخۆن، بایەخیش بە شۆفان و نانی جۆ بدەن.
هەروەها باس لە چەرەزات كراوە كە رەگەزە خۆراكییەكان لەخۆ دەگرن، هاوكات چەرەزاتەكان بە چەوریی تەندروست و مەگنسیۆم و دژە ئۆكسید و پرۆتینە رووەكییەكان دەوڵەمەندن. بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری دەخەنەڕوو ئەگەر رۆژانە مشتێك لە چەرەزاتەكان بخۆن، لە زۆربەی نەخۆشییەكان دوور دەكەونەوە، بەتایبەتی نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرەی جۆری دووەم، ئەوانە وا دەكەن تەمەن درێژتر بێت.
دواتریش باس لە میوە و سەوزەواتەكان دەكرێت كە رەگەزە خۆراكییەكان و دژەئۆكسید لەخۆ دەگرن، هەموو ئەوانە بەشێوەیەكی گشتی بۆ تەندروستی زۆر بەسوودن و لە زۆربەی نەخۆشییەكان دوورتان دەخەنەوە. بۆیە پسپۆرانی بواری خۆراك ئامۆژگاریی بەساڵاچووان دەكەن كە هەرچی پێیان دەكرێت، بایەخ بە خواردنی میوە و سەوزەواتە تازەكان بدەن. هەروەها باشترە لە ژەمەكانی نیوەڕۆ و ئێوارە، سەوزە بكەنە ناو ئەو ژەمانە و لەگەڵ هەر خۆراكێك بیخۆن.