كەی دەركەوتنی پێكهاتەی دەزوولەییەكانی چاو مەترسیدارە؟

:: PM:04:50:05/11/2025 ‌

رەنگە هەندێك كەس تێبینی ئەوەیان كردبێت لە كاتی سەیركردنی ئاسمان یان دیواری بۆیەكراو بە رەنگێكی كراوە، خاڵی بچووك یان پێكهاتەی دەزوولەیی لەبەر چاویان دەجوڵێتەوە، كە سەیری دەكەن دوور دەكەوێتەوە، ئەو دیاردەیە ناوی " floaters "، زۆر جار زیانی نییە، بەڵام لە هەندێك حاڵەت مەترسیدارە.

بەپێی خزمەتگوزاری تەندروستیی نیشتمانی، ئەو دەزووانە بەهۆی حاڵەتێكی سروشتی بە ناوی جیابوونەوەی پشتەوەی شلەی شووشەیی (PVD) دروست دەبێت، كە بریتییە لە گۆڕانكاری لە مادەی رۆنی چاو لەگەڵ چوونە ناو تەمەنەوە، بە شێوەی خاڵی بچووك یان هێڵی خوار و بازنەیی و شێوەی وەك تۆڕ بەدیار دەكەون.

وەك ماڵپەڕی "تایمز ئۆف ئیندیا" بڵاوی كردەوە، د. دانیال بولیا پسپۆڕی چاو دەڵێت، ئەو تەنانە لە كەڵەكەبوونی ریشاڵەكانی كۆلاجین لە ناو پێكهاتە شووشەییەكەی چاو دروست دەبێت، بۆیە ئەوەی كەسەكە دەیبینێت لە ناو چاوەكانیەتی نەك لە دەرەوە وەك دیارە، لە زۆرینەی حاڵەتەكان مەترسیدار نییە و مێشك لەسەری رادێت و فەرامۆش دەكرێت.   

بەپێی دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستی ئەگەر چەند نیشانانەیەكی لەگەڵدا بەدیار كەوت، پێویستە سەردانی پزیشكی چاو بكرێت، لەوانە زیادبوونی ژمارەی و دەركەوتنی تارماییەكی تاریك یان سێبەڕێكی جووڵاوە لە بینین یان ناروونی بینین و ئازاری چاو یان دەركەوتنیان لە دوای نەشتەرگەری یان بەركەوتنی چاو. 

بوونی ئەو نیشانانە رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی كێشە لە تۆڕینەی چاو وەك پچڕان و لێكجیابوونەوە كە دەبنە هۆی لەدەستدانی بەردەوامی بینین ئەگەر بێ چارەسەری بمێننەوە، كایلا بلاك شارەزای چاو لە " Boots Opticians "، دەڵێت، زۆرینەی حاڵەتەكان بێ زیانن، بەڵام دەبێت گۆڕانكاریی كتوپڕ پشكنینی بۆ بكرێت، بەتایبەتی لە كەسانی سەرووی 40 ساڵ، چونكە ئەگەری تووشبوونی لێكجیابوونەوەی تۆڕینەی چاو بووبن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل