رەنگە زۆر لە پیاوان لەگەڵ چوونە ناو تەمەنەوە تووشی كێشە جیاوازەكانی پرۆستات ببنەوە، لە هەوكردن و ئاوسان تا شێرپەنجە، لە نیشانەكانی بوونی كێشە ئازار و نارەحەتی و كێشە لە میزكردن و رێڕەوی میزە، تەنانەت هەندێك جار كێشە بۆ توانای سێكسی پیاو دروست دەكات.
لە كێشە باوەكانی
پرۆستات ئاوسان یان هەوكردنیەتی، هەوكردنەكە كە چەند جۆرێكی هەیە، هەوكردنی بەكتریایی كە لە بەكتریاكانی كۆئەندامی هەرس یان رێڕەوی میز یان لە پێوەندیی سێكسییەوە تووشی دەبێت، ئەویش دوو جۆرە درێژخایەن و توند، هەرچی هەوكردنی نابەكتریاییە بەهۆی ماندووبوون و لەناوچوونی دەماری و بەركەوتنەوە دروست دەبێت و ئەویش دوو جۆرە بە ئازار و بێ ئازار، هەموو جۆرەكانی هەوكردن لە نیشانەكانیان یەك دەگرنەوە وەك ئازار و نارەحەتی و زەحمەتیی میزكردن، هەرچی لایەنی سێكسییە، لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت.
بەگشتی هەندێك هەوكردنی پرۆستات كار لە توانای سێكسیان ناكات، هەیشە دەبێتە هۆی لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە یان كێشە لە بەردەوامبوونی رەقییەكەی لە كاتی سێكسكردندا، هۆكارەكەشی یان جەستەییە بەهۆی كەمیی گەیشتنی خوێن بۆ ئەندامەكە، كە مەرجی سەرەكییە بۆ رەقبوونی یان مانەوەی رەقێتییەكەی. هۆكاری دەروونی، وەك رارایی و خەمۆكی و كەمیی خواستی جووتبوون و سێكسكردن.
جیا لە لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە، كەمبوونەوەی خواستی سێكسی یان خۆلادان لێی هەیە، كە بەهۆی هەوكردنی پرۆستات یان ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەركردنی حاڵەتەكە بەكار دێت تووشی پیاو دەبێت، كاریگەرییەكی تر بریتییە لە ئازارێكی توند و سووتانەوە لە كاتی تۆفڕێدان، بۆیە ئەوانە بە زەحمەت دەگەنە ئاستی رەحەتبوون، خێرا پەڕین یان دواكەوتنی، رەنگە بەهۆی ئازاری هەوكردنی پرۆستات پیاوەكە تووشی زووپەڕین ببێت، واتە خولەكێك، یان زۆر دواكەوتنی، سەبارەت بە ئاوسانی پرۆستات هەمان كاریگەرییەكانی سەرەوەی لەسەر توانای سێكسی پیاو هەیە.