ژیان بەبێ شەكر.. دەستپێكی نوێ بۆ مێشك و جەستەی تەندروست

:: AM:11:10:06/11/2025 ‌
شەكری سپی ئەو مادەیەیە كە زۆرینەمان رۆژانە بەكاری دێنین، بێ ئەوەی لە مەترسییەكانی بەئاگا بین، لە كاتێكدا شەكر بە سێ ژەهرەكە لە دنیادا ناو دەبرێ هاوشانی ئارد و خوێ. هاوكات شەكر مرۆڤ تووشی ئاڵوودەبوون دەكات و زۆر گرنگە هەرچی پێتان دەكرێ، لێی دوور بكەونەوە بۆ تەندروستیی باشی جەستە و مێشك.

پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەو هەواڵەی لەبارەی زیانەكانی شەكر بڵاو كردووەتەوە و تێیدا پزیشكان ئامۆژگاری دەخەنەڕوو كە هەرچی پێمان دەكرێت، لەو مادە زیانبارە دوور بكەوینەوە و ژیانێكی بەبێ شەكر و دوور لە نەخۆشی بەسەر بەرین. لەبارەی زیانەكانی دەڵێن، كاریگەریی لەسەر جەستە و حاڵەتی دەروونیش دەكات، چونكە شەكر و بەكارهێنانی، جۆرێكە لە ئالوودەبوون، هاوشێوەی مادە هۆشبەرەكانی تر.

ئاماژە بەو توێژینەوە زانستییانە كراوە كە بەوە گەیشتوون، شەكر خۆشییەك بە مێشك دەگەیەنێت، بەجۆرێك تووشی ئاڵوودەی دەكات و بەردەوام مێشك ئەو شیرینییەی دەوێت، چونكە پێی وایە وزەی پێ دەگەیەنێت، لە كاتێكدا ئەو وزەیە كاتییە.

بۆ دووركەوتنەوە لە شەكر، یەكەمین هەنگاو ئەوەیە بزانرێ شەكر لەناو چیدا هەیە و لەناو چی خۆراكێك خۆی شاردووەتەوە، چونكە جیا لە شیرینییە دروستكراوەكان وەك خواردنەوە گازییەكان یان شەربەتەكان، هەروەها شەكر لەناو نانی سپیش و برنج و هەندێك زەڵاتەیشدا هەیە، تەنانەت شەكر لە هەندێك كەرەیشدا هەیە، ئەگەر ئەوانەمان زانی، وردە وردە دەتوانین ئەو جۆرە خۆراكانە كەمتر بكەینەوە، ئەگەر وا نەكەین تووشی سەرئێشە و دڵەڕاوكێ دەبین. 

بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری ئەوە دەكەن لەبری ئەو خۆراكانەی شەكریان تێدایە، باشترە جێگرەوەیان بۆ بدۆزینەوە، نموونەیان وەك هەنگوینی سروشتی، خورما و میوە وشككراوەكان كە شیرینیی سروشتی دەبەخشن. هاوكات وردە وردە خۆمان لەگەڵ قاوەی بێ شەكر رابێنین، لەبری شەربەت و خواردنەوە گازییەكان، بایەخ بە خواردنی میوە بدەین. ئەگەر بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك لەسەر ئەو بەرنامەیە بەردەوام بین، ئەوكات هەست دەكەین جەستەمان لەگەڵ دووركەوتنەوە لە شەكر رادێت.

دواتریش پسپۆران دەڵێن ئەوكاتەی هەوڵ دەدەن لە بەكارهێنانی شەكر دوور بكەونەوە، باشترە خۆتان خەریكی وەرزش و راهێنانەكانی بكەن، یان خۆتان بە ئارەزوویەكی نوێ خەریك بكەن. دوای ماوەیەك خۆتان هەست دەكەن سەرنجتان باشتر بووە و تەنانەت خەویشتان ئاسوودە و ئارام و خۆشتر بووە، جیالەوەی دووركەوتنەوە لە شەكر، وا دەكات كێشیش دابەزێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د