زۆرن ئەوانەی لە هەر ئازارێكدا بەبێ رێنوێنیی پزیشك، چارەسەری ئازارشكێن بەكار دێنن كە ئەگەری هەیە لە زۆر بەكارهێنانی ئەو چارەسەرە كاتییە، تووشی ئازارێكی درێژخایەن ببن. بۆیە پسپۆرانی بواری تەندروستی، لەوبارەیەوە قسەی رژد دەخەنەڕوو.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم نۆی تشرینی دووەم، لە پێگەی "ساینس ئەلیرت"ی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئەو چارەسەرەی خەڵكێكی زۆر بۆ ئازار بەكار دێنن بەبێ رێنوێنیی پزیشك، زۆر هەڵەیە، بەتایبەتی ئەگەر بەكارهێنانی درێژە بكێشێت، ئەوكات ئەگەری زۆرە ئەو چارەسەر خۆی ببێتە هۆكاری شاراوەی ئازارێكی درێژخایەن.
پزیشكان كە قسەیان بۆ ئەو پێگەیە كردووە دەڵێن، ئەوانەی تووشی سەرئێشە دەبن یان هەر ئازارێكی تر وەك پشت و ماسولكە، هەندێكیان چەندان جۆری دەرمان وەردەگرن و بەكاری دێنن، بەتایبەتی بۆ نەهێشتنی ئازارەكانیان، چەندان جۆری ئازارشكێن بەكار دێنن، ئەوەیش هەڵەیە و وا دەكات نەخۆشەكە بچێتە ناو بازنەیەكی داخراو و ئیتر ئازارەكەی بەردەوام بێت و بەكۆتا نەیەت، بەوەیش دەگوترێ ئازاری درێژخایەن.
باس لەوە دەكەن كە توێژینەوەكان دەریانخستووە، كەم نین ئەوانەی تووشی سەرئێشەی بەردەوام دەبن، هۆكارەكەی زۆر بەكارهێنانی ئازارشكێنە، ئەوەیان زیاتر لەناو ژناندا هەیە.
كاتێك پزیشك ئازارشكێن بۆ كەسێك دەستنیشان دەكات و بۆی دەنووسێت، بۆ حاڵەتێكی دیاریكراو و بۆ كاتێكی دیاریكراوە، بۆ نموونە بۆ برین یان دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بۆ ئەوە نییە لە ئازارێكی ئاسایی وەك پشت یان ماسولكە، پشت بە ئازارشكێن ببەستێت، چونكە ئەوكات ئەگەری زۆرە كەسەكە تووشی سەرئێشەیەكی درێژخایەن ببێت، یان تووشی قەبزی یان خەواڵوویی و هەندێك جار تووشی وڕێنەیش دەبێت.
ئاماژە بە حەبی "پاراسیتامۆڵ" دەكرێ كە خەڵكێكی زۆر هەن بۆ هەر ئازارێكی ئاسایی سەرئێشە بەكاری دێنن، بەڵام زۆرجار ئەو بەكارهێنانە كاردانەوەی نەرێنیی تری لێ دروست دەبێت، ئەگەری هەیە كاردانەوەكەی مەترسیدار بێت، بە نموونە كەسەكە تووشی شكستی جگەر دەبێت.
بۆیە پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە كە نابێ بەبێ رێنوێنیی پزیشك، بۆ ماوەیەكی زۆر دەرمانی ئازارشكێن بەكار بێنن، چونكە ئەگەری زۆری هەیە كەسەكە تووشی ئاواری درێژخایەن ببێت.