بۆچی لەكاتی خەودا ناپژمین؟

:: PM:07:49:10/11/2025 ‌

رۆژانە مرۆڤ لەكاتی بەئاگابوون تووشی پژمین دێتەوە، رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت، ئاخۆ بۆچی هیچ كەس لە كاتی نوستندا ناپژمێت؟، زانایان ئاماژە دەكەن ئەو بابەتە پێوەندیی بە مێشكەوە هەیە.

بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "فوتورا سیونس"ی فڕەنسی و وەك ئەكادیمیای نیشتمانیی پزیشكیی فڕەنسی پێناسەی كردووە، پژمین دیاردەیەكی پێچەوانەكردنەوەیە، واتە هەڵمژینێكی توند و كتوپڕی هەوا و هەناسەدانەویەكی توندە لە رێگەی دەم و لووتەوە، هۆكارەكەشی ورووژانی كۆتایی هەستە دەمارەكانە لە لینجەپەردەی ناوەوەی لووت لەبەر چەند هۆكارێكەوە، لەوانە میكانیكی و گەرمی و كیمیایی و هەستەوەری و هەوكردنەوە. 

زانایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەستەمە پژمین لەكاتی نوستن رووبدات، لەوانە لە قۆناغەكانی سەرەتای نوستن، وەك نوستنی شەپۆلی هێواش و لەسەرخۆ و نووستنی سووك، لەكاتی دەست پێكردنی ئەو قۆناغە ماسولكەكان خاو دەبنەوە و پلەی گەرمیی لەش و پەستانی خوێن و لێدانی دڵ دادەبەزێت و مێشك دەخەوێت.

د. تیمۆسی ترامۆنتانا پزیشكی گشتی و پسپۆڕی بۆماوەزانی لە كلیفلاند كلینیك لە ئەمەریكا دەڵێت، پژمین پێویستی بە هاندانی مێشك هەیە، واتە دەبێت كاتی ژمین مێشك توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ زانیارییە هاتووەكان بۆی هەبێت و كاردانەوەیان بەرانبەر بكات، بۆیە لەكاتی نوستنی مرۆڤ و بێئاگابوونی مێشك دەخەوێت و بەو زانیارییانە كاریگەر نابێت كە بۆی دەچێت، بۆیە پژمین لەكاتی نوستن ئەستەمە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل