د. كۆیان زاهیر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمالی منداڵان لە سلێمانی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، ئەو پەتایەی ئێستە بڵاو بووەتەوە هەمان ڤایرۆسەكەی جارانە و تەنیا شێوەی خۆی گۆڕیوە.
گوتیشی، نیشانەكانیشی بریتین لە كۆكە، تای قورس و هەڵامەت، پەتاكە جێگەی ترس نییە، هەندێك نەخۆش نیشانەكانیان سووك بوون و نێردراونەتەوە، ئەوانەشی بە قورسی نیشانەكانیان هەبوو لە نەخۆشخانە خەوێنراون.
لەبارەی ئاماری نەخۆشییەكە رای گەیاند، ئاماری نەخۆشییەكە زیادی كردووە، لە مانگی 10دا دوو هەزار و 346 كەس لە نەخۆشخانەكەدا خەوێنراون، بەشی زۆریان پەتای وەرزی بوون و بەشەكەی تریش سكچوون و رشانەوە بوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لە مانگی 11دا ئامارەكان زیاترن، لە یەكی مانگی 11ەوە تا 15ی مانگی 11، هەزار و 507 كەس لە نەخۆشخانەكە خەوێنراون، هەروەها زیاتر لە 10 هەزار كەس سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە، هیچ نەخۆشێك بەهۆی ئەم پەتایەوە گیانــی لە دەست نەداوە، ئەوانەشی گیــانیان لە دەست داوە نەخۆشیی تریان هەبووە.