"تێچووەكەی گەیشتووەتە پێنج ملیار و 465 ملیۆن دینار"

:: AM:11:07:21/11/2025 ‌
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد كە هەرێمی كوردستان پێشەنگە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی جگەر و چەندان ساڵە ئەم خزمەتگوزارییە بە سەركەوتوویی پێشكەش دەكرێت.

وەزیری تەندروستی رای گەیاند، لەسەر فەرمان و رەزامەندیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تا ئەمڕۆ لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا 117 حاڵەتی چاندنی جگەر بۆ نەخۆشان لە هەموو ناوچەكانی كوردستان ئەنجام دراوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، نەخۆشەكان بەم شێوەیە دابەش بوون: 48 نەخۆش لە هەولێر، 33 نەخۆش لە سلێمانی، 27 نەخۆش لە دهۆك و پێنج نەخۆش لە هەڵەبجە، كە كۆی گشتی دەكاتە 117 نەخۆش.

د. سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش كردووە، كۆی گشتیی تێچووی ئەو نەشتەرگەرییانە گەیشتووەتە پێنج ملیار و 465 ملیۆن و 357 هەزار دینار "5,465,357,000".

ناوبراو دووپاتی كردەوە كە "ئەم نەشتەرگەرییە پاڵپشت بە یاسای بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤ و بەپێی رێنوێنی و مەرج و رێكاری پێویست رێكخراوە و رێگەپێدراوە بۆ ئەنجامدانی."

لە كۆتاییدا وەزیری تەندروستی روونی كردەوە: "هەفتانە چەندان حاڵەتی پێویستی چاندنی جگەر، هەمیشە لەسەر خەرجی و ئەستۆی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی لەسەر دەدرێت و ژیانی دەیان هاووڵاتیی گەورە و منداڵ گەڕاوەتەوە و لە مردن رزگار كراوە."


وشە - پۆڵا مەحموود